دۆسیەی گەندەڵی پەرلەمانتارێكی پێشووی عیراق بڵاوكرایەوە

عیراق 11:42 AM - 2026/07/13

 دادگای عیراق، بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ باسم خەشان، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەركرد.

میدیاكانی عیراق دوو فەرمانیی دەستگیركردنیان لە دژی باسم خەشان بڵاوكردەوە كە لەلایەن دادگای دووەمی لێكۆڵینەوەی كەرخ لە بەغداد لە 26ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ دەركراون.

ئەو تۆمەتانەی كە بەهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنەكە لە دژی ئەو پەرلەمانتارە  دەركراوە، پەیوەندیدارن بە زیانگەیاندنی ئەنقەست بە ماڵی گشتی و بەكارهێنانی پۆست بۆ بەرژەوەندیی خۆی. فەرمانەكانی دەستگیركردن بەپێی بڕیاری 160 و ماددەی 340ی یاسای سزاكانی عیراقی بوون و سكاڵاكار دەستەی دەستپاكیی عیراقە.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی تر كە میدیای رەسمی عیراق بڵاویكردووەتەوە، دادگای تێهەڵچوونەوەی عیراق سزای تۆمەتبارێكی پەسەند كردووە بە ناوی حەیدەر سەعدی مووسا، كە لە دۆسیەی باسم خەشاندا رۆڵی نێوەندگیریی بینیوە لە هەوڵی وەرگرتنی پارە لە وەبەرهێنەرێك بۆ ئەندامەكەی پێشووی پەرلەمان و بە دوو ساڵ بەندكردن سزا دراوە.

باسم خەشان، لە هەڵبژاردنی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی  عیراق لە بازنەی موسەننا، 11 هەزار و 755 دەنگی بەدەستهێنا و بووە ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو