بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە ماوەیەكی نزیكدا دەرگای ناونووسین بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی 2027 بە ئەلیكترۆنی دەكرێتەوە و داواش لە هاووڵاتییان دەكات بەڵگەنامە رەسمییەكانیان ئامادە بكەن.
وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە مەبەستی ئامادەكاریی پێشوەختە بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2027، لە ماوەیەكی نزیكدا دەرگای ناونووسین بەڕووی ئەو هاووڵاتیانەدا دەكرێتەوە كە خوازیارن گەشتی حەج ئەنجام بدەن.ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی حكومەتی هەرێم، سەرجەم ئامادەكارییە تەكنیكییەكانیان بۆ پرۆسەكە تەواو كردووە و ناونووسینەكە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەبێت.
حەج و عومرەی هەرێم داوا لە هاووڵاتییان دەكات پێشوەختە بەڵگەنامە پێویستەكانیان ئامادە بكەن، لەوانەش (پاسپۆرت، كارتی نیشتمانی و ژمارەی بێ هاوتای كەسی یو پی ئێن)، بۆ ئەوەی لە كاتی كردنەوەی سیستمەكەدا بە بێ هیچ كێشە و گرفتێك بتوانن ناوەكانیان تۆمار بكەن.