راوێژكاری یاسایی سەرۆكوەزیرانی عیراق گەورەترین مەلەفی گەندەڵی لە مێژووی وڵاتدا ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، قەبارەی ئەو پارانەی لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا بەهەدەر دراون لە سەرووی ئاستی عەقڵ و لۆژیكەوەیە. كە زیاترە لە 2 ترلیۆن دۆلار.
مونیر حەداد، راوێژكاری یاسایی سەرۆكوەزیرانی عیراق و دادوەری پێشوو ئاشكرای كرد، لە ساڵی 2003 ەوە بڕی زیاتر لە 2 تریلیۆن دۆلار لە عیراق دزراوە، ئاماژەی بەوەش كرد كە ژمارەی دزییەكان و ئەو موڵك و ماڵانەی لە لایەن تۆمەتبارانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، زۆر لەوە زیاترە كە مرۆڤ بتوانێت بە لۆژیك لێكی بداتەوە.
بە وتەی راوێژكارەكە، دانپێدانانی تۆمەتبارە سەرەكییەكانی دۆسیەكانی گەندەڵی بووەتە هۆكار بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنییەكان و دامەزراوەكانی دادوەری بگەنە داواكراوانی تر، هەندێك لەو داواكراوانە هەوڵی راكردنیان دابوو بۆ دەرەوەی وڵات یان پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان بردبوو، بەڵام پاش ئاشكرابوونی زانیارییەكان رێكاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.
لەبارەی سامان و دارایی گەندەڵكاران، مونیر حەداد ئاماژەی بەوە كرد كە بەرپرس هەبووە كاتی دەستگیركردنی دەركەوتووە زیاتر لە 50 موڵك و خانووبەرە بەناوی خۆی یان خێزانەكەیەوە تۆمار كراوە، هەروەها ئاماژەی بە نموونەی هاوسەری یەكێك لە تۆمەتبارەكان كرد كە تەنیا یەك موڵكی بە بڕی 5 ملیۆن دۆلار كڕیوە.
یەكێك لە گەورەترین مەلەفەكان، دۆسیەی (دزیی سەدە) بوو، كە دەستبەسەر نزیكەی 3 ملیار دۆلار لە رێگەی چەكی وەهمییەوە گیرا لە بانكی رافیدەین، هەروەها بەقاچاخبردنی ملیاران دۆلار لەژێر ناوی هاوردەكردنی دەرەكی و گەندەڵییەكانی حەواڵە لەڕێگەی بانكی ناوەندییەوە، لەگەڵ دۆسیەكانی بانكی تی بی ئای و پێدانی قەرزی گەورە بە كۆمپانیا ئەهلییەكان، سەدان ملیۆن دۆلار زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندووە، هەروەها ونبوونی بڕە پارەیەكی زەبەلاح لە بودجەی گەشەپێدان و پڕۆژە وەهمییەكان، كە لە ساڵانی یەكەمی دوای رووخانی رژێمی پێشوو بۆ هەژمارە دەرەكییەكان گواستراونەتەوە.