ترەمپ: ئەمریكا ناوازەترین و سەركەوتووترین وڵاتە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا

عیراق 09:37 AM - 2026/07/04

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی وڵاتەكەیدا، ستایشی مێژووی وڵاتەكەی دەكات و دەڵێت، هیچ وڵاتێك لە جیهاندا وەك مۆدێلی ئەمریكا بوونی نییە‌و سەركەوتووترین‌و ناوازەترین وڵاتە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە مۆنۆمێنتی نیشتمانی چیای ڕاشمۆر لە ناوچەی كیستۆنی ویلایەتی ساوپ داكۆتا، وتارێكی بەبۆنەی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریكا پێشكەش كرد، كە تێیدا ترەمپ تیشكی خستەسەر ئەو دەستكەوتانەی وڵاتەكەی لە ماوەی دوو سەدە و نیوی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە.

ترەمپ لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد، لەم 250 ساڵەی دروستبوونی ئەمریكادا هیچ وڵاتێك هێندەی ئەوان كاری چاكەی بۆ جیهان نەكردووە. ڕاشیگەیاند كە یادی 250 ساڵەی ئازادی شكۆمەندی ئەمریكا دەكەنەوە و تەئكیدی كردەوە كە لە مێژووی جیهاندا هیچ نموونەیەكی تری وەك ئەمەریكا بوونی نییە.

سەرۆكی ئەمەریكا باسی لەوە كرد، لە تەمەنی 250 ساڵیدا ئەمریكا خاوەنی ئازادترین مرۆڤی جیهانە و دادپەروەرترین و بەردەوامترین دەستووری هەیە. هەروەها وتی كە ئەوان بەهێزترین وڵاتی سەر زەوین‌و وڵاتەكەی بە سەركەوتووترین، لێهاتووترین و ناوازەترین وڵات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ناوبرد كە تاوەكو ئێستا هەبووبێت.

دۆناڵد ترەمپ لە كۆتایی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، كە بە درێژایی مێژوو هیچ نەتەوەیەكی تر ئاهەنگی سەركەوتنێكی وەها گەورەی نەگێڕاوە. رایگەیاند، بوون بە سەرۆكی وڵاتێكی لەو شێوەیە بۆ ئەو شانازییەكی گەورەیە و تەئكیدی كردەوە كە بە پشتیوانی خودا ئەمریكا لە لوتكەی سەركەوتنەكاندا دەمێنێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو