هاوردەكردنی زێڕ بۆ عیراق لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو نزیكەی 60% كەمیكردووە. دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆریی عیراقیش دەڵێت، لە پێنج مانگی ئەمساڵدا لە رێگەی فڕۆكەخانەی كەركووكەوە هیچ زێڕێك هاوردە نەكراوە.
عەلی كەریم سەعید، بەڕێوەبەری بەشی خشڵ لە دەزگای ناوەندی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانانی عیراق راگەیاندووە: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 31 ی ئایار، بڕی 10 هەزار و 247 كیلۆگرام زێڕ هاوردەی عیراق كراوە، لەكاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بڕی زێڕی هاوردەكراو25 هەزار و 472 كیلۆ گرام بووە. ئەوەش نیشانی دەدات هاوردەكردنی ئەو كانزا زەردە زیاتر لە 15 تۆن كەمیكردوە، كە دەكاتە نزیكەی 60٪.
بەڕێوەبەری بەشی خشڵ دیاترین هۆكارەكانی ئەو كەمبوونەوەی بۆ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی ئەسیكۆدا لە دەروازە و فڕۆكەخانەكان گەڕاندەوە و رایگەیاند، ئەسیكۆدا هۆكاری سەرەكی بووە كە چاودێرییەكی وردتر و رێكاری نوێی گومرگی بەسەر كاڵا هاوردەكراوەكاندا سەپاندووە، پرۆسەكە پێویستی بەكاتە بۆ خۆگونجاندن. هەروەها زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆكەخانەوە هاوردە دەكرێ و لە ئەنجامی پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە، ماوەیەكی زۆر فڕۆكەخانەكان داخرابوو، جگە لەمەش ئامارەكە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
بەوتەی بەڕێوەبەری بەشی خشڵ، ئەو بڕە زێڕانەی لەو ماوەیەدا پشكنینیان بۆ كراوە، هیچ بڕە زێڕێكی ساختە دەستی بەسەردا نەگیراوە و هەموو ئەو زێڕەی هاتووەتە نێو وڵات، پشكنینی پێویستی بۆ كراوە.