چوونی كۆچبەران بۆ بەریتانیا بە رێژەی 41 % كەمیكردووە

عیراق 10:11 AM - 2026/07/02

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا چوونی كۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە لەڕێگەی بەلەمی بچووكەوە، بەڕێژەی41% بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو كەمیكردووە.

داتاكانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاشكرایانكردووە، نزیكەی 11 هەزار و 884 كۆچبەر لە نێوان مانگەكانی كانوونی دووەم و حوزەیراندا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، لەكاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا 19 هەزار و 982 كۆچبەر چوونەتە بەریتانیا. لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2024یشدا 13 هەزار و 489 كۆچبەر چوونەتە بەریتانیا، بەو پێیەش ڕێژەكەی ئەمساڵ بەراورد بەو كاتە سەدا 12 كەمیكردووە و بەراورد بە ساڵی 2025 یش بە رێژەی سەدا 41 كەمیكردووە.

ئەم داتا نوێیانە، دڵخۆشكەرن بۆ پارتی كرێكاران، لەكاتێكدا لە هەوڵی ئەوەدایە پشتگیری جەماوەری بەدەستبهێنێتەوە ئەوەش لەدوای ئەو شكستەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكاندا تووشی بوو.
هەر بەهۆی ئەو شكستەوە رۆژی 22ی حوزەیران دوای لەدەستدانی متمانەی پەرلەمان، كییەر ستارمەر سەرۆكوەزیران دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند و پێشبینی دەكرێت لە كۆتای ئەم مانگەدا ئاندی بێرنهام پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری وڵاتەكە شوێنی بگرێتەوە.

حكومەتی بەریتانیا بە سەرۆكایەتی پارتی كرێكاران چەندین گرێبەستی لەگەڵ وڵاتانی تر ئیمزا كردووە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو كۆچبەرە نائاساییانەی كە بە بەلەمی بچوك دەگەنە ئەو وڵاتە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو