عیراق بەدوای دەروازەی نوێی هەناردەی نەوتەوەیە

عیراق 12:16 PM - 2026/07/01


وزارەتی نەوتی عیراق، دووپاتیدەكاتەوە، پڕۆژەی ڕاكێشانی بۆرییەك بۆ هەناردەكردنی نەوت لەبەندەری بانیاسەوە هێشتا لەقۆناغی لێكۆڵینەوەدایەو تاووتوێی دۆزینەوەی دەروازەی جێگرەوە بۆ دەروازە دەریاییەكانی ئێستا دەكەن.
سەلیم ڕیكابی وتەبێژی وەزارەتەكە،ڕایگەیاند: پڕۆژەی ڕاكێشانی بۆرییەكی عیراقی بۆ هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری بانیاسەوە لە خاكی سوریادا هێشتا لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت.
وتەبێژی وزارەتی نەوتی عیراق باسی لەوەشكرد : پڕۆژەیەك هەیە كە لە بنەڕەتدا پەیوەستە بەم پڕۆژەیەوە، بەڵام سەرەتا دەبێت بۆری بەسرە – حەدیسە درێژبكرێتەوە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بۆ حەدیسە، پاشان پلان بۆ درێژكردنەوەی بۆرییەكی هاوتەریب بۆ هێڵی توركیا دەستپێدەكات.
سەلیم ڕیكابی وتیشی: لێكۆڵینەوە بۆ پڕۆژەكە بەردەوام دەبێت، لەگەڵ تەواوبوونی ڕاكێشانی بۆرییەكەو جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، دەبێتە جێگرەوەی تەنكەرەكانی گواستنەوەی سووتەمەنی) كە ئێستا نەوت لەڕێگەی خاكی سووریاوە دەگوازنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد : پڕۆژەكە لەكاتی جێبەجێكردنیدا ئاسانكارییەكی زۆر دەكات، چونكە عیراق تاووتوێی دۆزینەوەی دەروازەی جێگرەوە بۆ دەروازە دەریاییەكانی ئێستاو دەروازەی توركی دەكات، تاوەكو ئازادیی زیاتر لەپرۆسەكانی هەناردەكردندا دابین بكات، بۆ ئەوەی ئەزموونی داخرانی گەرووی هورمز دووبارە نەبێتەوە، كە بەهۆیەوە عیراق تووشی سنوورداركردنی هەناردەكردنی بوو، لەكاتێكدا ئەگەر دەروازەی جێگرەوە هەبایە، دەیتوانی نەوت زیاتر هەناردە بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو