سەرۆكی پەرلەمانی ئێران: پێش جێبەجێكردنی یاداشتنامەكە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا دەستپێناكاتەوە

عیراق 12:11 PM - 2026/07/01


محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریكا بەڵێنی داوە بەپێی یاداشتنامەكە، كۆتایی بەشەڕی لوبنان بهێنێت و گەرەنتی سەروەری لوبنانی كردووە.
شەوی ڕابردوو، محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بەڕێككەوتنی ئێران و ئەمریكا ڕایگەیاند، ئێران پێش جێبەجێكردنی یاداشتنامەكە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا دەستپێناكاتەوە، بەڵام پابەندین بە جێبەجێكردنی یاداشتنامەكە هەتا دانوستانەكان دەستپێدەكەنەوە.
قاڵیباف وتیشی، ئەمریكا بەڵێنی داوە بەپێی یاداشتنامەكە، كۆتایی بە شەڕی لوبنان بهێنێت و گەرەنتی سەروەری لوبنانی كردووە، لیژنەیەكی هاوبەش كە پێكهاتووە لە ئێران، ئەمریكا و لوبنان بۆ چاودێریكردنی جێبەجێكردنی ئاگربەستەكە پێكدەهێنرێت، ئێمە بە جدی لەو بابەتە دەڕوانین، تاران لەگەڵ نێوەندگیرەكانی چاودێری ئەو بابەتە دەكات.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، پێش جێبەجێكردنی مادەكانی(1، 4، 5، 10، 11)ی یاداشتنامەكە، دانوستانەكان بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ ئەمریكا دەستپێناكاتەوە.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەشڵێت، هێرشەكانی ئەم دواییەی ئەمریكا بۆ سەر ئێران پێشێلكردنی یاداشتنامەكەیە، تاران پابەندە بەجێبەجێكردنی یاداشتنامەكە هەتا دانوستانەكان دەستپێدەكەنەوە.
لەكۆتایی قسەكانیشیدا قاڵیباف وتی، ئێران لە دوای ئیمزاكردنی یاداشتنامەكەوە زیاتر لە 40 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو