جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، وردەكاریی نوێ لەبارەی دانوستانەكانی واشنتۆن و تاران ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، نێردراوەكانی ترەمپ بۆ گفتوگۆی ئاستبەرز دەچنە دەوحە.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەسەر داوای كۆماری ئیسلامیی ئێران، واشنتۆن بڕیاریداوە وەفدێكی باڵا رەوانەی دەوحەی پایتەختی قەتەر بكات. ئاماژەی بەوەش كرد ،هەریەكە لە ستیف ویتكۆف نێردراوەی تایبەت و جارید كۆشنەری زاوای ترەمپ، سەرۆكایەتی وەفدەكە دەكەن بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئاستبەرز و گفتوگۆی تەكنیكی لەسەر یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات.
ڤانس لە بەشێكی قسەكانیدا نیگەرانیی خۆی لە شێوازی مامەڵەی دیپلۆماتكارانی ئێرانی دەربڕی و وتی: ئەوەی لای من سەرنجڕاكێش و بێزاركەریشە، ئەوەیە كە ئێرانییەكان لە میدیاكاندا دەڵێن هیچ گفتوگۆیەكی ئاشتی لە ئارادا نییە، بەڵام لە هەمان كاتدا لە ژوورە داخراوەكاندا خەریكی گفتوگۆی تەكنیكین لەگەڵمان. جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئەم شێوازەی بە پلانی فارسی بۆ دانوستان ناوبرد و وتی تێگەیشتن بۆ ئەو جۆرە رەفتارانە ئاسان نییە.جێگری سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوە شكرد، ئێستا لوبنان و ئیسرائیل بە شێوەیەكی راستەوخۆ گفتوگۆ دەكەن، كە ئەمە پێش چەند مانگێك ئەستەم بووە.وتیشی: ئێمە كار دەكەین بۆ یەكخستنی رێككەوتنی ئاشتیی لوبنان و ئیسرائیل لەگەڵ یاداشتی لێكگەیشتنی ئەمریكا و ئێران ، بنەمای سەرەكیش لە هەردوو بەڵگەنامەكەدا ئەوەیە كە دەبێت ڕێز لە سەروەریی خاكی لوبنان بگیرێت.سەبارەت بەو ڕەخنانەی لە ناوخۆی ئەمریكا ئاڕاستەی ترەمپ دەكرێن بۆ بەكارنەهێنانی هێزی زیاتر دژی ئێران، ڤانس وتی: هەندێك كەس هەن تەنیا داوای بۆردوومان دەكەن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا نیشانی داوە كە ئامادەیە هێزی سەربازی بەكاربهێنێت تەنیا ئەگەر ئامانجێكی دیاریكراوی هەبێت..