لە كاتێكدا خەریك بوو ئێران و ئەمریكا بە تەواوی نزیك دەبونەوە لە رێككەوتن و هیوایەك بۆ كۆتایهاتنی تەواوەتی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەبوو ، بەڵام وادیارە هیواكان كەمبونەتەوە بەهۆی هێرشی سوپای ئەمریكاوە بۆ سەر پێگەكانی ئێران، ئەوەش وەك تۆڵەسەندنەوەیەك بەرامبەر هێرشی ئێران بۆ سەر كەشتییەكی بازرگانی كە رۆژی شەممە كردبوویە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند: هێزەكانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا بە فەرمانی فەرماندەی گشتی، لە 27ـی حوزەیران چەند هێرشێكی تریان بۆ سەر چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە،دەشڵێت: دوای هێرشەكانی رۆژی شەممە ئەمریكا لە وەڵامی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر كەشتیی( ئێم ڤی ئێڤەر لەڤڵی )دەرفەت بە ئێران درا كە رێز لە رێككەوتنی ئاگربەست بگرێت، بەڵام ئێران هێرشی كردە سەر كەشتییەكی تر كە كەشتییەكی نەوتهەڵگربوو ئاڵای پەنەمای هەڵكردبوو،هەروەها زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو و لە نزیك گەرووی هورمز تێدەپەڕی.
سێنتكۆم باس لەوە دەكات، لە وەڵامێكی راستەوخۆدا بۆ بەردەوامیی هێرشەكانی ئێران دژ بە كەشتیوانیی بازرگانی، چەند هێرشێكیان ئەنجامداوە و فڕۆكە سەربازییەكانی ئەمریكا توانیویانە،ژێرخانی چاودێریی سەربازیی ئێران، سیستمەكانی پەیوەندی، پێگەكانی بەرگریی ئاسمانی، كۆگاكانی درۆن و تواناكانی مینڕێژكردنیان بكەنە ئامانج.
ئەمەش لە كاتێكدایە،حكومەتی ئێران رۆژی شەممە ئەمریكای بە پێشێلكردنی رێككەوتنی راگرتنی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار كرد، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتۆن هێرشی كردە سەر خاكی ئێران و تاران بە هێرشكردنە سەر ئامانجەكانی ئەمریكا لە كەنداو وەڵامی دایەوە.
ئەم پێكدادانە گەرمە دوای ئەوە هات واشنتۆن تارانی تۆمەتبار كرد بە هێرشكردنە سەر كەشتییەكی بازرگانی لە گەرووی هورمز، گومانی زۆری لەسەر هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ هێشتنەوەی كراوەیی ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە دروستكرد.