بە تۆمەتی گەندەڵی ژمارەیەك پەرلەمانتار و لێپرسراو لە عیراق دەستگیركران

عیراق 09:39 AM - 2026/06/28

 هێزە ئەمنییەكانی عیراق، ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنیی بەرفراوانیان لە بەغداد و چەند پارێزگایەكی تر بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی  كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی ئەنجامداو  بەهۆیەوە ژماریەك لێپرسراو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستگیركران.

بەرەبەیانی  ئەمڕۆ  بە  فەرمانی عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، هێزێكی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپای عیراق و دەستەی دەستپاكیی و هێزە ئەمنیەكانی تر، ئۆپراسیۆنێكی فراوانیان لەناو ناوچەی سەوز، چەند ناوچەیەكی بەغداد و پارێزگاكانی تر  ئەنجامدا ، میدیاكانی عێراق ئاماژەیان بەوە كردووە تا ئێستا نزیكەی 20  لێپرسراو دەستگیركراون، كە لەنێویاندا پەرلەمانتار، وەزیرانی پێشوو، لێپرسراوانی حكومی، راوێژكار، لێپرسراوانی  ئەمنی و پیاوانی كار هەن. هەرچەندە تا ئێستا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و حكومەتی عیراق بە رەسمی هیچ ناوێكیان پشتڕاست نەكردووەتەوە و روونكردنەوەیان نەداوە.

بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان لەناو دەستگیركراوەكان،سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم،بەڕێوەبەری پێشووی بەندەرەكانی عیراق،راوێژكاری پێشووی محەممەد شیاع سودانی و سكرتێرێكی و  برایەكی سودانی هەن.

هاوكات، لە ناوەندە میدیاییەكاندا باس لە دەستگیركردنی دوو وەزیری كابینەكەی محەممەد شیاع سوودانی دەكرێت، لەوانە تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەكی رەسمی  ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەكردووەتەوە.

ئەم ئۆپراسیۆنە لە كاتێكدایە، عەدنان جومەیلی بریكاری پێشووی وەزیری نەوتی عیراق كە لە ماوەكانی رابردوودا ، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركرا و بڕێك پارە و زێڕ لە باخ و ماڵەكانیدا دۆزرایەوە ، لە لێكۆڵینەوەكانیدا ناوی 128  لێپرسراوی داوە، كە ئەوانیش تێوەگلاون لە گەندەڵی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو