رۆیتەرز: عیراق لە رێكخراوی ئۆپێك دەكشێتەوە

عیراق 01:10 PM - 2026/06/25

لێپرسراوێكی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عیراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاند، ئەگەر پشكی عیراق لە بەرهەمهێنانی نەوتی رێكخراوی ئۆپێك بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد نەكرێت، عیراق ناچار دەبێت سەرجەم بژاردەكانی بەردەمی تاوتوێ بكات، كە یەكێكیان كشانەوەیە لە رێكخراوەكە.

بە پێی زانیارییەكانی رۆیتەرز، لێپرسراوانی عیراق پێشتر بژاردەی كشانەوەیان لە رێكخراوی ئۆپێك خستووەتە بەرباس، بەڵام پلانی ئێستایان مانەوەیە لە رێكخراوەكەدا بەو مەرجەی پشكێكی بەرزتر بۆ هەناردەكردنی نەوت بەدەستبهێنن. ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە كە دوای كشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێك، ئەگەری كشانەوەی عیراقیش دەبێتە گورزێكی تری بەهێز بۆ رێكخراوەكە، بەتایبەت كە عیراق یەكێكە لە پێنج وڵاتە دامەزرێنەرەكەی ئۆپێك.

رۆژی رابردووش، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند،  داوا لە رێكخراوی ئۆپێك دەكەن پشكی هەناردەكردنی نەوتیان بۆ زیاد بكرێت. ڕێكخراوی ئۆپێك، رێكخراوێكی نێودەوڵەتییە لە وڵاتانی هەناردەكاری نەوت پێكدێت، كە ئامانجی سەرەكی هەماهەنگیكردن و یەكخستنی سیاسەتی نەوتی وڵاتانی ئەندامە بۆ دەستەبەركردنی نرخێكی دادپەروەر و سەقامگیر لە بازاڕی نەوتی جیهاندا.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو