ئەمڕۆ سێشەممە، خولێكی نوێی دانوستانەكانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا دەست پێ دەكات، ئەوەش بە مەبەستی تاوتێكردنی چەند دۆسیەیەكی ئەمنی و سیاسی گرنگ بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
وەفدی لوبنانی لە دوو تیمی ئەمنی و سیاسی پێكهاتووە و باڵیۆز نەدا مەعوەز نوێنەرایەتی دەكات و ئیمزا لەسەر بڕیارەكان دەكات، لە بەرامبەردا باڵیۆز "یەحیێل لیتەر" سەرۆكایەتیی وەفدی ئیسرائیلی دەكات، هەروەها "ماركۆ روبیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە شێوەیەكی راستەوخۆ سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی دانوستانەكان دەكات.
بەپێی زانیارییەكان، رێڕەوی ئەمنی دانوستانەكە تیشك دەخاتە سەر جێگیركردنی ئاگربەست و میكانیزمی كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل لە ناوچەی "زۆتەر" و تەسلیمكردنی بە سوپای لوبنان. لایەنی لوبنانی هەوڵ دەدات ئەم هەنگاوە فرەوانتر بكات بۆ خێراكردنی كشانەوەی تەواوەتی،
لە كاتێكدا ئیسرائیل پێداگری لەسەر هێشتنەوەی ئەوە دەكات كە پێی دەڵێت "هێڵی زەرد" وەك ناوچەیەكی ئەمنیی دابڕاو، لە لایەكی ترەوە، میكانیزمی چاودێریی مەیدانی وەك خاڵی سەرەكیی ناكۆكییەكان لە نێوان هەردوولادا دەمێنێتەوە؛ چونكە لوبنان داوای چاودێرییەك دەكات كە ئەمریكا سەركردایەتی بكات یان لە رێگەی هێزەكانی یونیفیل-ەوە بێت، بەڵام ئیسرائیل داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی ئەمنیی هاوبەش دەكات كە لە لایەن لوبنانەوە رەت دەكرێتەوە.
لەبارەی رێڕەوی سیاسی، گفتوگۆكان لەسەر داڕشتنی "راگەیاندنی نیازپاكی هاوبەش" دەبن، كە تێیدا رێزگرتن لە سەروەری و سنوورەكانی یەكتر بچەسپێنرێت، لەگەڵ دیاریكردنی ملامح و سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی دوای كۆتاییهاتنی جەنگدا.