ترەمپ: ئەگەر ئێران پابەندی رێككەوتنەكە نەبێت، ئەوە دەكەم كە پێویستە

عیراق 10:54 AM - 2026/06/23

دۆناڵد ترەمپ، هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، ئەگەر ئێران پابەندی رێكەوتنەكەی لەگەڵ ئەمریكا نەبێت یان بەباشی رەفتار نەكات، ئەوا ئەو كارە دەكات كە پێویستە بیكات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەكۆشكی سپی بە رۆژنامەنووسانی وت: ئەگەر ئێران پابەندی رێككەوتنەكەی نەبێت، یان ئەگەر بە شێوەیەكی گونجاو رەفتار نەكات، ئەوا ئەوە دەكات كە پێویستە لەسەری بیكات. ترەمپ بەردەوام بوو و وتی: تا ئێران رێزیان لێ بگرێت، تووشی هیچ كێشەیەك نابن. ئاماژەی بەوەش كرد كە تیمی دانوستانكاری ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جەی دی ڤانس كارێكی باشیان كردووە.

تەئكیدی لەوەشكردەوە، وڵاتەكەی زۆرێك لە توانای سەربازی ئێرانی لەناو بردووە،  سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشیخستەڕوو كە ئەو بە شێوازێكی تەواو جیاواز لە دیموكراتەكان مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكات. لەبارەی گەرووی هورمز، ترەمپ وتی: گەرووەكە بە تەواوی كراوەیە. دۆخی گەرووی هورمز زۆر باشە. ئێران لەبارەی گەرووی هورمزەوە زۆر باش كار دەكات.

بەپێی داتاكانی كۆمپانیای كیپلەر كە تایبەتە بە شیكاریی داتاكانی كەشتیوانی، لە كۆتایی هەفتەدا تێپەڕبوونی 71 كەشتی پشتڕاست كراوەتەوە، كە زۆرترین جووڵە لە رۆژی شەممەدا بووە و 35 كەشتی تێپەڕبوون. ئەمە لە كاتێكدایە پێش دەستپێكردنی جەنگەكە، رۆژانە 100 بۆ 130 كەشتی بەو گەرووەدا تێدەپەڕین.

ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە كۆشكی سپی، دوای ئەوە دێن كە ئەمریكا و ئێران كۆتاییان بە خولێكی درێژی دانوستاندنە سەرەتاییەكان هێنا لە سویسرا، كە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێككەوتنێكی هەمیشەیی بۆ كۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە كۆتایی مانگی شوباتدا لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەستیپێكرد.

لەلایەكی ترەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، ئێران رازی دەبێت بە ئەنجامدانی پشكنینی سەرەكی و بەرفراوانی چەكەكانی بۆ بكرێت لەداهاتوویەكی دووردا، ئەمەش بە مەبەستی دەستەبەركردنی شەفافییەتی ئەتۆمی. ئەو لێدوانەی ترەمپ دوای چەند سەعاتێك دێت لە لێدوانێكی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی وەفدی دانوستانكار كە ئاشكرای كردبوو، تاران رازی بووە بە گەڕانەوەی پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و پێشبینیشی كرد گفتوگۆكانی تایبەت بە پشكنینە ئەتۆمییەكان لە چەند رۆژی داهاتوودا یان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستپێبكەن.

لەلایەكی ترەوە و لە وەڵامی ئەم لێدوانانەی لێپرسراوانی واشنتۆندا، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ هاوكارییەكانی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە چوارچێوەی یاسا و رێككەوتنە بنەڕەتییەكاندا بەردەوامە. بەقائی تەكیدی لەوەشكردەوە، هەر بڕیارێك لەو دۆسیەیەدا، بەندە بە مەرجی رەزامەندیی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەكەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو