عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێشكەوتنی باش لە دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا و بەنێوەندگیریی پاكستان و قەتەر سەبارەت بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لایەنی بەرامبەر بەدیهاتووە بۆ ئێران و پێشكەوتنی بەرچاویش بە ئاراستەی كۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان بەدەستهاتووە.
عێراقچی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا (پێشكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینی)، هاوكات هەناردەكردنی نەوت و پێترۆكیمیاوی لێخۆشبوونی بۆ كراوە، بەشێك لە داراییە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد كراون، ئەمەش سەرەڕای دەستپێكردنی پلانێكی گەورە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئێران، هەروەها گەمارۆی دەریایی هەڵگیراو رێككەوتن لەسەر رێكخستنی میكانیزمێك بۆ تێپەڕاندنی سەلامەتی كەشتییەكان بە گەرووی هورمزدا كراوە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، بنەمای دەستپێكردنی دانوستان لەسەر رێككەوتنی كۆتایی باسكراوە و كارەكانی وەفدی دانوستانكار كۆتایی هاتووە، بەڵام تیمە تەكنیكییەكان درێژە بە كارەكانیان دەدەن.
خولی یەكەمی دانوستانە باڵاكان، بەپێی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئیمزاكراو لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو، بە بەشداری نوێنەرانی ئێران و ئەمریكا، لەگەڵ هەردوو وڵاتی نێوەندگیری قەتەر و پاكستان كۆتایی هات و لە هاوینەهەواری بورگنستۆك لەسویسرا بەڕێوەچوو ، قەتەر و پاكستانیش لەسەر ئەو پڕۆسەیە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان سەبارەت بە كۆتایی هاتنی دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران لە سویسرا بڵاوكردەوە و ئاماژەیان بەوە كردووە كە كەشەكە ئەرێنی و بنیاتنەر بووە و گفتوگۆ تەكنیكیەكان بەردەوامبدەبن.