كێڵگەیەكی غاز لە قەتەر تەقییەوە

عیراق 11:00 AM - 2026/06/22

كێڵگەیەكی غازی شلكراو لە قەتەر تەقییەوە و بەهۆیەوە دەیان كەس بوونە قوربانی.

وەزارەتی ناوخۆی قەتەر رایگەیاند، بەهۆی ئەو تەقینەوەیەی شەوی رابردوو لە ناوچەی پیشەسازیی رەئس لەفان لە قەتەر روویدا، 54 كەس بریندار بوون و 18 كەسی تریش بێسەروشوێنن.ناوچەی پیشەسازیی رەئس لەفان، گەورەترین سەنتەری غازی سرووشتیی شلكراو  لە جیهاندا لەخۆدەگرێت و وەزارەتی ناوخۆی قەتەریش هۆكاری تەقینەوەكەی بۆ رووداوێكی تەكنیكی گەڕاندووەتەوە.

وەزارەتەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاویكردووەتەوە: كۆی گشتیی ژمارەی بریندارانی ئەو رووداوەی لە یەكێك لە كارگەكانی ناوچەی پیشەسازیی رەئس لەفان روویدا، گەیشتووەتە 54 كەس.لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دامودەزگا پەیوەندیدارەكان دەستیان بە پرۆسەی گەڕان و پشكنین بەدوای 18 كەسی بێسەروشوێندا كردووە.

پێشتریش لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی قەتەر باسی لەوە كردبوو، سەرەڕای برینداربوونی چەند كەسێك، هیچ دزەكردنێكی غاز رووینەداوە كە مەترسی بۆ سەر سەلامەتی و ژیانی خەڵك دروست بكات.

دەسەڵاتدارانی قەتەر تەئكید لەوە دەكەنەوە كە تەقینەوەكەی شەوی یەكشەممە تەنیا بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە بووە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پێشتر دامەزراوەكانی رەئس لەفان بەهۆی هێرشەكانی ئێرانەوە زیانی گەورەیان بەركەوتبوو، كە لە وەڵامی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلدا بۆ سەر تاران كرابوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو