لە سویسرا چی روویدا؟

عیراق 10:37 AM - 2026/06/22

خولی یەكەمی دانوستانە ئاست بەرزەكان كە بەپێی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئیمزاكراو ، بە بەشداری نوێنەرانی ئێران و ئەمریكا، لەگەڵ هەردوو وڵاتی نێوەندگیری قەتەر و پاكستان و لە هاوینەهەواری بورگنستۆك لە سویسرا كۆتایی هات  .

قەتەر و پاكستان راگەیەندراوێكی هاوبەشیان سەبارەت بە كۆتایی دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران لە سویسرا بڵاوكردەوە، بەپێی راگەیەندراوەكە یەكەم رۆژی لوتكەی دەریاچەی لۆسێرن لە كەشێكی ئەرێنی و بونیاتنەر بەڕێوەچوو، پێشكەوتنی هاندەرانە بەدی هات، لەوانەش دانانی میكانیزمێك بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ تەكنیكییەكان.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: بە پشتبەستن بە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن، لایەنەكان رێككەوتن لەسەر دامەزراندنی لیژنەیەكی باڵا بۆ سەرپەرشتیكردنی لایەنە سیاسییەكانی هەوڵەكانی نێوەندگیری و لەلایەن هەردوو سەرۆكی دانوستانكار راپۆرتی وەرزی پێشكەشی لیژنەكە دەكەن، جگە لە سەركردایەتیكردنی گرووپە تایبەتمەندەكانی كاری پەیوەندیدار بە دۆسیەی ئەتۆمی , سزاكان، و دامەزراندنی گروپی كاری بەدواداچوون و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، بەمەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن، هەروەها رەچاوكردنی بابەتە پەیوەندیدارەكانی تر.

لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە: لیژنەی باڵا رێككەوت لەسەر نەخشەڕێگایەك بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا، رێگە خۆشكردن بۆ دەستپێكردنی دەستبەجێی خولێكی نوێی گفتوگۆی تەكنیكی.

هەروەها كەناڵێكی پەیوەندیكردن لەنێوان لایەنەكاندا بۆ ئەو ماوەیەی لە بڕگەی پێنجی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەكەدا دیاریكراوە، بۆ دووركەوتنەوە لە رووداو و لێكتێگەیشتن، بەو هۆیەوە دڵنیابوون لە سەلامەتی و تێپەڕاندنی كەشتییە بازرگانییەكان بە گەرووی هورمزدا .

لە بەیاننامەكەدا پشتڕاستیشكراوەتەوە،بڕیارە دانوستانە تەكنیكییەكان بەدرێژایی هەفتەكە لە هاوینەهەواری بێرگنستۆك بەردەوام بن، بۆ تاوتوێكردنی هەموو پرسە پەیوەندیدارەكان. هەردوو لایەنی نێوەندگیری بەردەوام دەبن لە هەوڵی تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ دڵنیابوون لەوەی دانوستانەكان لە كەشێكی بونیادنەردا بەردەوام بن، ئەمەش دەبێتە هۆی رێككەوتنی كۆتایی.

دانوستانەكانی لووتكەی دەریاچەی لۆسێرن لە نێوان ئەمریكا و ئێران بە نێوەندگیری پاكستان و قەتەڕ، سەعات سێی پاشنیوەڕۆی رۆژی  یەكشەممە دەستیپێكرد. دوای 80دەقیقە لە گفتوگۆی چوارقۆڵی و پشوو، وەفدی  ئێران ئامادەنەبوو بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆكان؛ ئەمەش وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر لێدوانە هەڕەشەئامێزەكانی دۆناڵد ترەمپ.

سەرەڕای وەستانی گفتوگۆ راستەوخۆكان، ئێستا دانوستانەكان لە شێوازی چوارقۆڵییەوە گۆڕاون بۆ ئاڵوگۆڕی پەیام لە ڕێگەی نێوەندگیرەكانەوە. وەفدی ئێران رایگەیاندووە ئەمریكا بڕگەی یەكەمی یاداشتی لێكتێگەیشتنەكەی پێشێل كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو