وەزارەتی نەوتی عیراق بە سوود وەرگرتن لە ئاساییبوونەوەی دۆخی گەرووی هورمز، هەوڵدەدات هەناردەكردنی نەوت بۆ ئاستی پێشووی بگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی نەوتی عیراق هەوڵەكانی بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی سروشتیی بەرهەمهێنان چڕ كردووەتەوە، ئامانجی سەرەكی ئەوەیە بە سوود وەرگرتن لە ڕێككەوتنەكانی ئەمریكا و ئێران و كردنەوەی گەرووی هورمز، پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوت خێرا بكرێتەوە.
سەلیم فەرهوود، وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەكردووە، كار دەكەن لە ماوەی یەك بۆ دوو مانگی داهاتوودا، ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە بگەیەننەوە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل، هەرچەندە بەهۆی جیاوازیی سروشتی كێڵگەكانەوە وادەیەكی دیاریكراو بۆ هەموویان بەیەكەوە دانەنراوە.
لە قۆناغی ئێستادا، وەزارەتی نەوت سەرنجی سەرەكیی خستووەتە سەر ئەو كێڵگانەی كە غازی شل و غازی هاوەڵیان هەیە. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دابینكردنی غازی پێویستە بۆ كۆمپانیای غازی بەسرە، تاوەكو بتوانرێت سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و پێداویستیی ماڵان دەستەبەر بكرێت.
وەزارەتی نەوتی عیراق، نووسراوێكی ڕەسمی ئاڕاستەی دەستەكانی بەگەڕخستن لە كێڵگە گەورەكانی (ڕمێلە، زوبێر، ڕۆژئاوای قورنە 1، ڕۆژئاوای قوڕنە 2 و ئەڕتاوی) كردووە. لە نووسراوەكەدا داوا كراوە بەوپەڕی توانای بەرهەمهێنانەوە دەست بە كار بكەنەوە و نەوت بۆ كۆگا سەرەكییەكان هەناردە بكەن، تاوەكو ئاستی هەناردەی نەوتی عیراق بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی پێش ڕووداوەكان.
هاوتەریب لەگەڵ زیادكردنی بەرهەمهێنان، كۆمپانیاكانی نەوت دەستیان بە ئامادەكاری كردووە بۆ گەڕانەوەی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان بۆ پێگە سەرەكییەكانیان. وتەبێژی وەزارەت تەئكدیی كردەوە پڕۆسەی هەناردەكردن و گەڕانەوەی كەشتییەكان لەگەڵ پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەكاندا بە یەك ئاراستە دەڕۆن، تاوەكو دڵنیایی بدرێت لەوەی هەناردەكردنی نەوتی باشوور بەبێ گرفت بەردەوام دەبێت.