دامەزراوەیەكی ئەمریكی: چەكی گرووپەكان رێگرن لەبەردەم كارەكانی حكومەتی عیراق

عیراق 01:33 PM - 2026/06/20

راپۆرتێكی نوێی دامەزراوەی بەرگریی لە دیموكراسی ئەمریكی، گومان دەخاتە سەر توانای حكوومەتی عیراق بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان كۆنترۆڵكردنی گرووپە چەكدارەكان و راكێشانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان.

بەپێی راپۆرتی دامەزراوەكە، حكوومەتی عیراق لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسدایە، لە لایەك دەیەوێت گرەنتی بداتە كۆمپانیاكانی وزەی ئەمریكا بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە عیراق، لە لایەكی تریشەوە ناتوانێت پرسی چەكی گرووپە چەكدارەكان یەكلابكاتەوە. بە بڕوای پەیمانگاكە، هەر گرەنتییەكی ئەمنی بێ مانا و بێ بایەخە تا ئەو كاتەی چەك بە دەست گرووپەكانەوە بێت.

راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات، كاریگەریی تاران تەنیا لە كەرتی ئەمنیدا نییە، بەڵكو گەیشتووەتە ناو جومگەكانی حكوومەت و ئابووری عیراق. بۆ كەمكردنەوەی ئەو كاریگەرییە، راپۆرتەكە پێشنیاز دەكات، قەدەغەكردنی كاركردنی ئەندامانی گرووپە چەكدارەكان لە پۆستە باڵاكانی حكوومەت (وەك بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی)، بەكارهێنانی سزاكانی ماگنیتسكی لەلایەن گەنجینەی ئەمریكاوە دژی ئەو لێپرسراوانەی پۆستەكانیان بۆ بەرژەوەندی گرووپە چەكدارەكان بەكاردەهێنن.
سەبارەت بە عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، ڕاپۆرتەكە دەڵێت: هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ پشتگیری لێ دەكات و بە بژاردەیەكی باشی دەبینێت، بەڵام زەیدی پاشخانێكی سیاسی وای نییە كە پابەندبوونی بە كارە لەپێشینەكانی واشنتن بسەلمێنێت، زەیدی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەستنیشانكراوە، ئەمەش گومان لای ئەمریكییەكان دروست دەكات.

لە كۆتاییدا، راپۆرتەكە داوا لە واشنتۆن دەكات فشار بخاتە سەر بەغداد بۆ ئەوەی خشتەیەكی كاتی دیاریكراو بۆ داماڵینی چەكی گرووپەكان دابنێت، هەروەها هەنگاوی جددی بنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، چونكە بە بارگرانییەكی دارایی و ئەمنی گەورە لەسەر عیراق ناوی بردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو