سەرۆكی ئەمریكا گەشبینی خۆی بە كۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەكان لەگەڵ ئێران نیشان دەدات و تەئكید دەكاتەوە كە دیپلۆماسی بژاردەی یەكەمە، بەڵام شكستی گفتوگۆكان ئاكامی خراپی بۆ تاران دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، جەنگ لەگەڵ ئێران قورسترین ململانێ بووە لەنێوان ئەو 8 كێشەیەی كە توانیویەتی كۆتاییان پێ بهێنێت. ترەمپ لێكگەیشتنی دوایی نێوان واشنتۆن و تارانی وەك خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران پێناسە كرد و وتی، وڵاتەكەی هێشتا رێگەی دیپلۆماسی بەلاوە پەسەندە، بەڵام هۆشداریشی دا كە ئەگەر دانوستانەكان شكستیان هێنا، كارێك دەكەن كە ئێرانییەكان پێی دڵخۆش نەبن.
سەرۆكی ئەمریكا سوپاسی وڵاتانی سعوودیە، قەتەر و ئیماراتی كرد بۆ ڕۆڵیان لە هێوركردنەوەی دۆخەكەو ئاشكرای كرد كە بەنیازە ئەمساڵ سەردانی توركیا و چین بكات. سەبارەت بە ئیسرائیلیش، تەئكیدی كردەوە كە پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە سەرەڕای هەندێك جیاوازی لە ڕوانگەكاندا.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ڕێككەوتنەكە، گەرووی هورمز بووژانەوەی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە و ئێستا ڕۆژانە نزیكەی 700 كەشتی پێیدا تێپەڕ دەبن. بە بڕوای سەرۆكی ئەمریكا، ئەو گۆڕانكارییانە دەبنە هۆی گەڕانەوەی بەهێزی نەوت بۆ بازاڕەكان و دابەزینی زیاتری نرخەكەی لە داهاتوودا.