ئۆجەلان: جیهادی ڕاستەقینە تێكۆشانی مرۆڤە بۆ ئازادی دژی دەسەڵاتخوازی و ستەم

کوردستان 01:59 PM - 2026/06/20

رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی سێیەمین كۆنفرانسی گەورەی كۆنگرەی ئیسلامی دیموكراتیك كرد و تێیدا تێڕوانینی خۆی بۆ ئایین و دیموكراسی و پێكەوەژیانی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو.

سێیەمین كۆنفرانسی گەورەی كۆنگرەی ئیسلامی دیموكراتیك لەلایەن فیدراسیۆنی توێژینەوە ئیسلامییەكانی میزۆپۆتامی،  لەژێر دروشمی "ئیسلامی دیموكراتیك: ڕاستگۆیی لە باوەڕدا، ئازادی لە كۆمەڵگەدا" لە هۆڵی عەلی ئەمیری بەڕێوەچوو. لە كۆنفرانسەكەدا پەیامێكی عەبدوڵڵا ئۆجەلان خوێندرایەوە، كە تێیدا تیشكی خستبووە سەر چەمكی نەتەوەی دیموكراتیك و پێگەی ئیسلام لە ناو كۆمەڵگەدا.

ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە ئیسلام لە جەوهەری خۆیدا جووڵانەوەیەكی حەقیقەتی كۆمەڵایەتییە و لەسەر بنەماكانی ئازادی، دادپەروەری و یەكسانی بونیاد نراوە. بە بڕوای ئۆجەلان، یەكەمین كۆمەڵگەی ئیسلامی دژ بە چەوساندنەوە و هەژموونی دەوڵەتگەرا گەشەی سەند، بەڵام لە سەردەمی ئەمەوییەكانەوە ئایین لە سیستمێكی ژیانی ئەخلاقی دوورخرایەوە و كرا بە ئامرازێك بۆ شەرعییەتپێدان بە دەوڵەت و دەسەڵات.

لە پەیامەكەدا تەئكید لەسەر "پەیماننامەی مەدینە" كراوەتەوە و وەك گرێبەستێكی كۆمەڵایەتیی دیموكراتیك وەسف كراوە. ئۆجەلان پێی وایە ئەم پەیماننامەیە یەكەمین مۆدێلی فرەیی و یەكێتیی دیموكراتیكە لە مێژوودا، چونكە ڕێگە دەدات بە باوەڕ، ناسنامە و كولتوورە جیاوازەكان بە پاراستنی تایبەتمەندییەكانی خۆیان، لەسەر بنەمای ژیانی هاوبەش كۆببنەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان باس لەوە دەكات كە جیهادی ڕاستەقینە تێكۆشانی مرۆڤە بۆ ئازادی دژی دەسەڵاتخوازی و ستەم لە ناخی خۆیدا. هەروەها بنەمای "شوورا"ی لە ئیسلامدا بە یەكێك لە بەها بنەڕەتییەكانی كۆمەڵگەی دیموكراتیك داناوە، كە نوێنەرایەتی ئەقڵی هاوبەشی كۆمەڵگە و بڕیاردانی بەكۆمەڵ دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو