هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوامە

عیراق 10:30 AM - 2026/06/20

سەرەڕای رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان كە رۆژی هەینی رێككەوتن لەسەری، هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەك شارۆچكەی باشوری لوبنان دەستیپێكردەوە.

بەپێی میدیا عەرەبیەكان، بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئیسرائیل سێ هێرشی ئاسمانی كردە سەر نەباتیە ئەلفەوقەیان، ئەوەش دوای ئەوەی تەقە لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان دەستیپێكرد ‌و گوندەكانی ناوچەی نەباتیە تۆپباران كرا.

فڕۆكە ئیسرائیلییەكان گوندەكانی ئەلنەمیریە، شوكین، كفەرجوز و عەرەب سەلیمیان لە قەزای نەباتیە و هەروەها جەبەل ئەلڕەفیع لە ناحیەی جزین لە باشووری لوبنان كردووەتە ئامانج. ئەوەش دوای ئەوە هات، دوێنێ دوو سەرچاوەی حزبو‌ڵای لوبنان و لێپرسراوێكی باڵای ئیسرائیل ئاگربەستەكەیان پشتڕاستكردەوە. 

لەلایەكی ترەوە، وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە شەوی پێنجشەممە تا رۆژی هەینی، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە چڕەكان بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات، 47 كەس گیانیان لەدەستداوە و 79 كەسی تریش برینداربوون. هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، چوار سەربازەكەی لە ڕووداوێكدا لە لوبنان كوژراون، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو