وەزارەتی پەروەردەی سـوریا دان بە بڕوانامەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا دەنێت

عیراق 10:27 AM - 2026/06/20

وەزارەتی پەروەردەی سووریا ڕایگەیاند، ڕێگە بەو خوێندكارانە دەدرێت، كە پێشتر بەپێی پرۆگرامی خوێندنی بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری خوێندوویانە، بەشداری لە تاقیكردنەوەی بڕوانامە گشتییەكانی حكومەتی سوریادا بكەن.

لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی پەروەردەی سووریادا هاتووە، لەبەر پێویستیی ڕەچاوكردنی دۆخ و پێگەی یاسایی خوێندكاران لە پارێزگاكانی ڕۆژهەڵاتدا، بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی تێكەڵكردن بە مەبەستی بنیاتنانی سیستمی پەروەردەیی یەكگرتوو، دوای ئەوەی دەستكرا بە جێبەجێكردنی پرۆگرامی حكومەتیی سووریی یەكگرتوو لە سەرجەم پارێزگاكانی سووریادا، ڕێگە دەدرێت بەو خوێندكارانەی كە پێشتر لەسەر پرۆگرامەكانی خوێندنی سیستمی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خوێندوویانە، خۆیان بۆ تاقیكردنەوە گشتییەكانی بڕوانامەكان (ئامادەیی گشتی، خوێندنی بنەڕەتی) بەم پرۆگرامانە كاندید بكەن.

بەپێی ئەو ڕێسا و پێوەرە نیشتمانییە یەكگرتووانەی كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و فێركردنەوە دیاری دەكرێن، ئەم بڕیارەش تەنها لە ماوەی هەردوو ساڵی خوێندنی 2025-2026 و 2026-2027دا كاری پێدەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو