پرسی ئەتۆمی ئێران دوای ئەوەی بۆ دەیان ساڵ وەك دیارترین خاڵی گرژی نێوان تاران و رۆژئاوا مابوو و وەك سەرچاوەیەكی بەردەوامی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مابووەوە.
لەگەڵ وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی پەیوەندییە سیاسییەكان، سەرنج دەچێتە سەر سەختترین ئاڵنگاری: ئایا دەكرێ وەستانی شەڕەكان بگۆڕدرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی هەمیشەیی كە كۆتایی بە قەیرانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بهێنێت و لە داهاتوودا رێگری لە گەڕانەوە بۆ رووبەرووبوونەوە بكات؟
بە بۆچوونی شرۆڤەكارانی سیاسی سەركەوتنی رێككەوتن بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ تەنها بە ئاگربەست یان گەڕاندنەوەی كەشتیوانی ئاسایی لەگەرووی هورمز نابێت، بەڵكو كاتێك دەبێت لایەنەكان بتوانن بگەنە رێككەوتنێكی ئەتۆمی هەمەلایەنە، ئەوەش یەكێك لە ئاڵۆزترین فایلەكانی ناوچەكە دادەخات.
ئەم رێككەوتنە دەرگای دانوستاندنی 60 رۆژە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەكاتەوە، لەكاتێكدا تاران چاوی لەوەیە سزاكان هەڵبگیرێت و پارە بلۆككراوەكانی ئازاد بكرێت، واشنتۆنیش بەدوای گەرەنتییەكدا دەگەڕێت رێگری بكات لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی ئێران، چونكە ئەوە دەزانێت كەلەساڵانی رابردوودا و دوای داڕمانی رێككەوتنی ئەتۆمی پێشوو، ئێران بە خێرایی ئاستی پیتاندنی خۆی زیاد كرد، هەتاوەكو سەرهەڵدانی رووبەرووبوونەوەكان، خاوەنی نزیكەی 440 كیلۆگرام یۆرانیۆم بوو كە تا ٦٠ لەسەد پیتێنراو بوو.
لەو بارەیەوە مایكل روبین، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و هاوكارێكی باڵای دامەزراوەی ئەمریكی ئینتەرپڕایز، پێی وایە هیچ رێككەوتنێك سەركەوتوو نابێت، ئەگەر پرسی عەمباركردنی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە چارەسەر نەكرێت.
روبین راگەیاندووە، واشنتۆن پێداگری دەكات لەسەر لابردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی لەژێرزەمینەكاندا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پاشەكشەكردن لەم داواكاریانە لەرووی سیاسی و ستراتیژییەوە قورس دەبێت.
هەر لەسەر ئەو پرسە ئیرینا تسوكەرمان، شارەزای كاروباری ستراتیجی ئەمریكی، پێی وایە داخستنی مەلەفی ئەتۆمی ئێران دەتوانێت یەكێك لەگرنگترین گۆڕانكارییە ئەمنییەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەواوی نەوەیەكدا پێكبهێنێت، كۆتایی هێنان بە قەیرانەكە بەلێكتێگەیشتنە سیاسییە گشتییەكان ناتوانرێت بەدی بهێنرێت، بەڵكو بە لابردنی ئەو توانایانەی كە رێگە بە ئێران دەدات قەیرانەكە بەرهەمبهێنێتەوە لە داهاتوودا، لەوانە رزگاربوون لە كۆگاكانی یۆرانیۆم كە زۆر پیتێنراون، هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە هەستیارەكان و پێدانی دەسەڵاتی فراوان و بێ سنوور بە پشكنەرە نێودەوڵەتییەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد، پاراستنی ژێرخانی و شارەزایی و توانا دامەزراوەییەكانی پێویست بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامەیەكی سەربازیی ئەگەری بەو مانایەیە كە قەیرانەكە چارەسەر نەكراوە، بەڵكو تەنها دواخراوە.
تسوكەرمان پێی وایە سەركەوتنی هەر رێككەوتنێكی بەردەوام بە پرسەكانی تر بە هەمان شێوە هەستیارە ، دیارترینیان بەرنامەی مووشەكی ئێران، رۆڵی ناوچەیی تاران و تۆڕی هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا، ئەو پرسانەی واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی بە بەشێك لە هاوكێشەی ئاسایشی ناوچەكە لە قۆناغی دوای جەنگدا دەزانن.
لە كاتێكدا دیپلۆماسی سەركەوتوو بوو لەڕێگریكردن لەرووبەڕووبوونەوە سەربازییەكان، بەڵام پرسی ئەتۆمی ئێران وەك قورسترین تاقیكردنەوە ماوەتەوە، یان دانوستانەكان سەركەوتوو دەبن لە چارەسەركردنی یەكێك لە مەترسیدارترین كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان قەیرانەكە بەشێوەیەكی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر سەرهەڵدەداتەوە.