ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا خوازیاری جێبەجێ كردنی خێرا و تەواوەتی رێككەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریكا و ئێرانە و دەڵێت: پێویستە رێگە بدرێت بە كردنەوەی دەستبەجێ و بێ مەرجی گەرووی هورمز.
ماكرۆن لە بەیاننامەیەكدا لە ئێكس نووسیویەتی: فەرەنسا ئامادەیە پشتگیری لە كردنەوەی هورمز بكات لەڕێگەی ئەو ئەركە دەریاییە نێودەوڵەتییەی كە بڕیاربوو بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا بەڕێوەی ببات، دەستپێكردنەوەی هاتوچۆی دەریایی، بەبێ سنوورداركردن و رسومات، مەرجێكی حەتمییە بۆ سەقامگیری ناوچەكە و ئابووری جیهانی.
سەرۆكی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشكردووە، رێككەوتنەكە رێگە خۆشدەكات بۆ دانوستانی فراوانتر بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوكات ئەو دانوستانانە دەبێ نیگەرانییەكان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی ئێران و هەروەها ئەوەی كە سەرۆكی فەرەنسا بە سیاسەتی تاران بۆ ناسەقامگیری ناوچەیی وەسفی كردووە، بخاتەڕوو.
ماكرۆن ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر چارەسەرێكی ئاشتیی بەردەوام، دەبێت گەڕاندنەوەی سەروەری دەوڵەتی لوبنانیش لەخۆبگرێت، بۆیە ئاگربەستێكی بەهێز و هەمیشەیی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە زۆر پێویستە.