سی ئێن ئێن : هێرشەكەی بەیروت رێككەوتنی واشنتۆن و تارانی خێراتركرد

عیراق 10:48 AM - 2026/06/15

هێرشەكەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر  گەڕەكەكانی باشووری بەیروت،نیگەرانییەكانی ناو ئیدارەی ئەمریكای سەبارەت بە داڕمانی رێككەوتنە پێشبینیكراوەكەی لەگەڵ ئێران ورووژاند، ئەمەش وایكرد واشنتۆن پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی چڕتر بكاتەوە بۆ خێراكردنی تەواوكردنی و وەرگرتنی رەزامەندی لە تاران.

ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئاشكرایكردووە،لێپرسراوانی  ئەمریكا دانوستانێكی درێژخایەنیان لەگەڵ لێپرسراوانی قەتەر كە لە تاران بوون ئەنجامداوە ، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ ڕێگریكردن لە هەر وەڵامدانەوەیەكی سەربازی زیاتر و بۆ ئەوەی رێككەوتنەكە لەسەر ڕێڕەوی خۆی بمێنێتەوە.سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئیدارەی ئەمریكا پێیوابووە كە ئێران لە چەند سەعاتێك پێش ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەكە خۆی ئامادە دەكات بۆ دەستپێكردنی هێرشەكان بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمەش وایكردووە لە دواین دەقەدا گفتوگۆی چڕوپڕ سەبارەت بە هەندێك لە مەرجەكانی لێكتێگەیشتنەكە ئەنجامبدات بۆ ئەوەی دووربكەوێتەوە لە هەر پەرەسەندنێكی نوێ.

ئاژانسەكە باسی لەوەشكردووە، پێشهاتەكانی لوبنان بەشدارییان كردووە لە خێراكردنی دانوستانەكانی كۆتاییدا.هەروەها كەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری لێپرسراوێكی ئەمریكییەوە بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ، توڕە بووە لە هێرشەكانی ئیسرائیل و لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە.هاوكات ناتانیاهۆ  رایگەیاندووە،خوازیارە بە زووترین كات بە شێوەیەكی مەیدانی چاوی بە دۆناڵد ترەمپ بكەوێت.بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسەكە  ئامانجی سەرەكی ناتانیاهۆ لەم دیدارە، تاوتوێكردنی وردی دۆسیەی ئێران و چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنانە لە ناوچەكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو