پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تاران و واشنتۆن چووە قۆناغێكی نوێوەوە و بڕیارە رۆژی هەینی ڕێككەوتنەكە بە رەسمی ئیمزا بكرێت و گەرووی هورمز بەرووی كەشتییەكاندا بكرێتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ ئێران هیوایەكی گەورەی خستە دڵی خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەراست وجیهان و رایگەیاند: رۆژی هەینی رێككەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن ئیمزادەكرێت و ئەم رێككەوتنە مەزنە ئاشتی و ئاسایش بۆ تەواوی ناوچەكە دەهێنێت.
ترەمپ باسی لەوەشكرد،زۆرێك لە سەرۆكەكان هەوڵیان دا ئاشتی لەگەڵ ئێراندا بەرپا بكەن، بەڵام هەموویان شكستیان هێنا. سەركردەكانی ناوچەكە، بۆ یەكەمجار، سەرۆكێكیان دۆزیوەتەوە كە دەتوانێت یارمەتییان بدات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەكی راستەقینە.بە وتەی ترەمپ،لەگەڵ كردنەوەی گەرووی هورمز دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، جارێكی تر نەوت بۆ ناوچەكە و جیهان دەڕوات.
هاوكات لای خۆشییەوە كازم غەریبئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند،یاداشتی لێكگەیشتنی ئیسلام ئاباد لە نێوان ئێران و ئەمریكا، رۆژی هەینی 19ـی حوزەیران، لە وڵاتی سویسرا بەرەسمی ئیمزا دەكرێت.
تەئكیدیشی كردەوە لەوەی لە ئەمشەوەوە كۆتاییهاتنی هەمیشەیی شەڕ لە هەموو بەرەكان و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریكا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.بەپێی وتەكانی غەریبئابادی، دوای ئەوەی ئێران لە جێبەجێكردنی بەڵێنە دەستبەجێیەكانی ئەمریكا دڵنیا دەبێتەوە، قۆناغێكی نوێی دانوستانی 60 رۆژە دەستپێدەكات.
تەوەری سەرەكیی ئەم قۆناغە بریتی دەبێت لە هەڵگرتنی هەموو سزاكانی سەر ئێران، كۆتاییهێنان بە بڕیارنامەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش، تاوتوێكردنی پرسی ئەتۆمی، پرسی ئاوەدانكردنەوە و داڕشتنی میكانیزمێك بۆ چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەڵێنەكان، دەشڵێت،ئەم ڕێككەوتنە تەنیا بەرهەمی دیپلۆماسی نییە، بەڵكو بەرهەمی دەستكەوتە سەربازییەكان و ئامادەیی هێزە چەكدارەكانە.
ئەو لێپرسراوە باسلەوەشدەكات،هەڕەشە سەربازییەكانی ئێران و ئامادەیی بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، وای لە ئەمریكا كرد لە دانوستانەكاندا پاشەكشە بكات و داواكارییەكانی ئێران لە ناو دەقی رێككەوتنەكەدا جێگیر بكرێن.