لە كاتێكدا كە بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران گەرووی هورمز كە یەكێكە لە گەورەترین رێڕەوەكانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا داخراوە، عەرەبستانی سعودیە و توركیا رایانگەیاند، پڕۆژەیەكی هێڵی ئاسنی ستراتیژی دەستپێدەكەن كە لە ریازەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە ئیستانبوڵ و لەوێشەوە بۆ دڵی ئەوروپا.
چەند رۆژی رابردوو، ئەنكەرە و ریاز رێككەوتنی پرۆژەی ئاسنی نێوانیان ئیمزاكرد، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەلجەزیرە" عەبدولقادر ئۆراڵ ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی توركیا، وردەكارییەكانی پڕۆژەی "هێڵی ئاسنی نوێی سعودیە-توركیا"ی ئاشكرا كرد، كە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، سوریا، ئوردن و توركیا بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.
ئەو وتی، جەنگی ئەمریكا دژ بە ئێران كە بووە هۆی داخرانی گەرووی هورمز هەندێك دەرس و ئەزموونی پێ بەخشیون لەبارەی گرنگیی بەردەوامبوونی رێڕەوەكانی گواستنەوەی ئێستا و لە هەمان كاتدا دەستكەوتێكی فێربوونی بنەڕەتی بوو بۆ وڵاتەكەی كە پێویستە بە دڵنیاییەوە رێگەی جێگرەوەیان بۆ بخەنە ڕوو.
وتیشی، هاوتەریب لەگەڵ ئەو سەردانەی كە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆمار چەند مانگێك لەمەوبەر بۆ ریاز ئەنجامی دا و لەسەر بنەمای ئەو رێنماییانەی كە سەرۆك كۆمار و شازادە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین بە وەزارەتەكانی گواستنەوەی هەردوو وڵاتیان داوە، دەستبەجێ گفتوگۆكانیان دەستپێكردووە. وەفدە تەكنیكییەكانیان سەردانی مەیدانی دوولایەنەیان ئەنجامدا و لە كۆتایی هەموو ئەوانەشدا ئەو رێككەوتننامەیەمان ئیمزا كرد.
زانیارییەكان دەڵێن، ئەم پڕۆژەیە ئامانجی دروستكردنی جێگرەوەیەكی بەردەوام و ئارامە بۆ تۆڕەكانی دابینكردنی جیهانی، كە هەمیشە بەهۆی ململانێ جوگرافی و سیاسییەكانی ناوچەكەوە لەژێر هەڕەشەدا بوون. پڕۆژەكە لە داهاتوودا تەنها لە گواستنەوەی كاڵا و نەوتدا ناوەستێت، بەڵكو گواستنەوەی سەرنشینانیش دەگرێتەوە و لە داهاتوودا بەشێوەیەك فراوان دەبێت كە پێكەوەبەستنی گەشتیاری و مێژوویی بێوێنە لە نێوان ئیستانبوڵ - مەككە، مەدینە و جددە دروست دەكات.
بە كورتی ئەو رێككەوتننامەیە خۆی لە دەستپێكردنی گەشتی شەمەندەفەرێكدا دەبینێتەوە لە سعودیەوە بۆ توركیا لە رێگەی ئوردن و سوریاوە، ئەمەش بە ئامانجی گواستنەوەی راستەوخۆی هەموو جۆرە كاڵایەك بۆ ئەوروپا.