مەزندە دەكرێت ئێستا سامانی ئیلۆن مەسك-ی داهێنەر، ئەندازیار و دەوڵەمەندترین كەسی جیهان، تریلۆنێك و 100 ملیار دۆلاری ئەمریكی بێت، بەوەش سامانەكەی نزیكەی دوو ئەوەندەی داهاتی ئابووری ئێران و عیراق و سوریایە بەیەكەوە.
رۆژی هەینی كۆپانیای سپەیس ئێكسی سەر بە ئیلۆن مەسك پشكەكانی لە بازاڕی بۆرسەی "نەسدەق" كردەوە. بەهای جێگیری هەر یەكێك لەو پشكانە بریتییە لە 135 دۆلار و كۆی گشتی بەهاكە دەگاتە نزیكەی تریلیۆنێك و 77 ملیار دۆلار.
بە پێی سەرچاوە هەواڵییەكانی وۆڵ ستریت، كۆی پشكەكانی كۆمپانیای "سپەیس ئێكس" لە كۆتایی رۆژی هەینیدا بە رێژەی 19٪ بەرزبوونەوە. ئەوەش بە نیشانەیەكی بەهێز دادەنرێت بۆ متمانەی وەبەرهێنەران بە بواری سەتەلایت و ژیری دەستكرد كە سپەیس ئێكس كاریان تێدا دەكات.
دوای نمایشە بەهێزەكەی سپەیس ئێكس لە بازاڕی نەسدەق، چاودێرانی ئابووری بەهای گشتی سامانی ئیلۆن مەسكیان لە كۆپانیای "سپەیس ئێكس" بە 766 ملیار دۆلار و لە كۆمپانیای تێسلا بە 280 ملیار دۆلار خەمڵاند.
بەپێی گۆڤاری فۆربیس، كۆی گشتی سامانی ئیلۆن مەسك ئێستا دەگاتە نزیكەی تریلۆنێك و 100 ملیار دۆلاری ئەمریكی. بەوەش سامانی تایبەتی ئیلۆن مەسك زیاترە لە كۆی سامانی پێنج لە دەوڵەمەندترین ملیاردێرەكانی جیهان و تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی هەریەك لە تایوان و ئێرلەندا و سوید.
بە پێی داتاكانی بانكی نێودەوڵەتیی جیهانی، تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ساڵی 2024 لە عیراق نزیكەی 280 ملیار دۆلار و لە ئێران 475 ملیار دۆلار و لە سوریا بۆ ساڵی 2022 نزیكەی 23 ملیار و 600 هەزار دۆلار بووە. بەمەش سامانی ئیلۆن مەسك نزیك دەبێتە دوو ئەوەندەی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆی هەر سێ وڵاتەكە بەیەكەوە.
ئیلۆن مەسك لە 28ی حوزەیرانی ساڵی 1971 لە شاری پرێتۆریا لە ئەفریكای باشوور لەدایك بووە. هەرچەندە لە بنەڕەتدا هاووڵاتیەكی ئەفریكای باشوورە بەڵام لە ساڵی 2002 بووە خاوەن رەگەزنامەی ئەمەریكا و ئێستا شوێنی سەرەكی نیشتەجێبوونی لە ناوچەی بۆكا چیكای ویلایەتی تەكساسە.
ئیلۆن مەسكی داهێنەر و ئەندازیار، خاوەنی كۆمپانیای تێسلایە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی و سیستەمی وزەی پاك. هەروەها خاوەنی كۆمپانیای "سپەیس ئێكس"ە كە تایبەتە بە گەشتە ئاسمانییەكان و دروستكردنی مووشەك، هاوكات خاوەنی پلاتفۆڕمی ئێكس و چەند كۆمپانیایەكی ترە.