ئیمارات رەتیدەكاتەوە 10 ملیار دۆلاری لە سامانی بلۆككراوی ئێران ئازاد كردبێت

عیراق 11:14 AM - 2026/06/14

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە كە گوایە لەبەرامبەر پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەیدا، بڕی 10 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆككراوی ئێرانی ئازاد كردبێت. هاوكات داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكات پێش بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵێك، لە ڕاستیی زانیارییەكان دڵنیا ببنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە ، هیچ بڕە پارەیەكی بلۆككراوی ئێران لە ڕێگەی وڵاتەكەیەوە ئازاد نەكراوە و نەگوازراوەتەوە، هاوكات  داواشی لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە میدیاییەكان كرد، زانیارییەكان پشتڕاست بكەنەوە و لە سەرچاوە رەسمییەكانەوە  وەریبگرن پاشان بڵاوی بكەنەوە.

پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوە بڵاوی كردبۆیەوە، ئیمارات رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئازادكردنی سەروەت و سامانی بلۆككراوی ئێران كە كۆی گشتیی 10 ملیار دۆلارە و زیاتر لە سێ‌ ملیاریشی پێشتر گواستراوەتەوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە بڕیارە لەم هەفتەیەدا ،لێكتێگەیشتنێك لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا ئیمزا بكرێت و بەوتەی ئێران، لە چوارچێوەی ئەو لێكتێگەیشتنەدا 24 ملیار دۆلار پارەی بلۆككراوی ئێران لە بانكەكاندا ئازاد دەكرێت، بەڵام ئەمریكا رەتی دەكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو