تاران ئیمزاكردنی هەر رێككەوتنێك لەگەڵ واشنتۆن لە یادی 80 ساڵەی لەدایكبوونی دۆناڵد ترەمپدا رەتدەكاتەوە و دەڵێت، رێگا نادەن ئەم پرسە بۆ نمایش و بانگەشەی سیاسی بەكاربهێنرێت.
ئاژانسی فارسی ئێرانی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویكردەوە، تاران ئامادە نییە ئەمڕۆ یەكشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ واشنتۆن ئیمزا بكات.
ئاژانسەكە هۆكاری ئیمزانەكردنەكەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە ئەمڕۆ هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایكبوونی دۆناڵد ترەمپ و ئێران نایەوێت ئەم ڕووداوە بۆ بانگەشەی میدیایی و دەستكەوتی كەسیی ترەمپ بەكاربهێنرێت.هەروەها تیمی دانوستانكاری ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە، ڕێگا نادەن پرسی ڕێككەوتنەكە بكرێتە نمایشێكی سیاسی.
سەرچاوە ئێرانییەكان تەئكید دەكەنەوە رێككەوتنەكە هێشتا بە تەواوی نەگەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و داڕشتنی دەقەكەی تەواو نەبووە، هەر بۆیە ئیمزاكردنی لەم كاتەدا لە ڕووی كردارییەوە بە ئەستەم دەزانن.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاندبوو، بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێككەوتنەكەئیمزا بكرێت و دەستبەجێ گەرووی هورمز بەڕووی جیهاندا بكرێتەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەش كردووە، لە كاتی گونجاودا لە ڕێگەی فڕۆكەی بە تووەوە كار لەسەر لەناوبردنی پاشماوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەكەن.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەكان، ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكە كردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریكا لەسەر بەندەرەكانی ئێران لەخۆدەگرێت. بڕیار وایە لە قۆناغەكانی داهاتوودا گفتوگۆ دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بكرێت. تائێستاش دیار نییە كە ئیمزاكردنەكە بە شێوەی ئامادەبوونی ڕاستەوخۆ دەبێت یان بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدرێت.