بە بڕیاری دادگا ناوی ترەمپ لەسەر سەنتەری كەنەدی لابرا

عیراق 10:16 AM - 2026/06/14

بەپێی بڕیارێكی دادگای ئەمریكا، ناوی دۆناڵد ترەمپ لەسەر رووكاری بینا و ماڵپەڕی رەسمی سەنتەری جۆن ئێف كەنەدی لابرا. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات كە دادوەر رایگەیاند گۆڕینی ناوی ئەو ناوەندە نیشتمانییە بەبێ رەزامەندیی كۆنگرێس كارێكی نایاساییە.

دادوەرێكی ئەمریكی بە ناوی كریستۆڤەر كوپەر، لە 29ی ئایار، فەرمانی دەركرد ناوی ترەمپ لە ناونیشانی سەنتەری جۆن ئێف كەنەدی لاببرێت و وتی: ناتوانرێت ناوی سەنتەری كەنەدی بەبێ ڕەزامەندیی كۆنگرێس بگۆڕدرێت، هەروەها ڕێگریشی لە داخستنی كاتیی سەنتەرەكە كرد لە كاتی نوێكردنەوەیدا.هەرچەندە بڕیار بوو رۆژی هەینی ناوەكەی ترەمپ لاببرێت، بەڵام بەهۆی خراپیی كەشوهەواوە ناوەندەكە داوای كرد كە كارەكانی لابردنەكە لە رۆژی شەممەدا  تەواو بكەن.

سەنتەری جۆن ئێف كەنەدی بۆ هونەرە نمایشییەكان، یادگاری ئەمریكایە بۆ كەنەدی، ماڵی شانۆ، موزیك، سەما، ئۆپێرا و بۆنە كولتوورییەكانی هەموو جیهانە.
ساڵی ڕابردوو ترەمپ زیادكردنی ناوی خۆی بۆ سەنتەری جۆن ئێف كەنەدی راگەیاند، لە كانوونی یەكەمدا، دەستەی بەڕێوەبردن بڕیاری دا ناوی دامەزراوەكە بگۆڕێت، بۆ رۆژی دواتر نووسینێكی نوێ كە ناوی تەواوی ترەمپی لەسەر بوو، بە پێشەوەی سەنتەرەكەدا هەڵواسرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو