موستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەكانی عیراق، ئاشكرای كرد كە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەهەب حەسەنی وەزیری گواستنەوە، زنجیرەیەك بڕیاریانداوە لەوانە وەك هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەی هێڵی ئاسنین.
موستەفا سەنەد لە پەڕەی رەسمی خۆی لە فەیسبووك روونی كردەوە، یەكێك لە بڕیارە هەرە گرنگەكان هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی هێڵی ئاسن بووە، ئەوەش بەهۆی تێچووە زۆرەكەی و دروستكردنی بارگرانی بۆ سەر بودجەی گشتی دەوڵەت. ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادیش دراوە.
هەروەها وەزیری پەیوەندییەكان باسی لەوە كرد، بڕیارە نوێیەكانی سەرۆكوەزیران دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەكانیشی لەخۆگرتووە، هاوكات وەزیری گواستنەوە هەوڵدەدات بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی فڕۆكەخانەكان و گەشتە ئاسمانییەكان یەك بخاتەوە، كە بڕیارە ئەم پێشنیازە لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی حكوومەتدا بە رەسمی تاوتوێ بكرێت.
ئەو گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە كە ئەنجوومەنی وەزیران لەدوایین كۆبوونەوەی خۆیدا چەند بڕیارێكی تری پەیوەست بەدۆسیەی كارەبا و سووتەمەنی دەركردووە، لەگەڵ راگرتنی هاوردەكردنی گەنم تا كۆتایی هاتنی وەرزی ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.