وەزارەتی دارایی داوای ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی لە گەنجینەكان دەكات، هێشتاش كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەست دیار نیە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، لەدوێنێوە بەشی گەنجینەی وەزارەتی دارایی داوای لە هەموو وەزارەتەكان كردووە كە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران ئامادەبكەن. ئاماژەی بەوەشكرد: دوای ئامادەكردنی لیستەكە راستەوخۆ رەوانەی بەغداد دەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا نزیكە 65 هەزار فەرمانبەر و مووچە خۆر لە هەرێمی كوردتان مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە كە لە پێش جەژنی قوربان دابەشكراوە.
پێشتر سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، هەریەك لە مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرە هەمیشەییانەی كە لە پاش تەممووزی 2024 دامەزراون لەگەڵ خانەنشینانی هێزەكانی دەڤەری 2، مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە.
هاوكات نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستیش رایانگەیاند، بەڵێنمان پێدراوە لەم هەفتەیەدا دەستبەدابەشكردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بكرێت و مووچەی مانگی پێنج كە دەبوا لە پێش جەژنی قوربان وەریان بگرتایە وەردەگرن.