وەزارەتی پەروەردە چەند رێنماییەكی تایبەتی بۆ تاقیكردنەوەكان دەركرد

کوردستان 10:53 AM - 2026/06/08

 وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەك ڕێنمایی تایبەت بە پرۆسەی تاقیكردنەوەكانی نیشتمانیی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی بڵاوكردەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12 ی ئامادەیی رایگەیاند، نابێت سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و چاودێری هۆڵەكان بەهیچ جۆرێك مۆبایل ببەنە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە، بەپێچەوانەوە بە هاوكاریی گزی دادەنرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، دەبێت مامۆستای چاودێر و بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەر دڵنیابنەوە كە پرسیارەكان و پەڕەی سۆما هەردووكی لە خوێندكار وەرگیراوەتەوە، بەپێچەوانەوە نمرەی بۆ هەژمار ناكرێت.

وەزارەتی پەروەردە  باسیلەوەشكردووە، دەبێت پشكنین بۆ خوێندكاران ئەنجامبدرێت پێش چوونەژوورەوە بۆ هۆڵی تاقیكردنەوە، هەموو جۆرە ئامێرێكی ئەلكترۆنی زیرەك وسەعاتی زیرەك و مۆبایل ڕێگەپێنەدراوە و هەر خوێندكارێك ئەو ئامێرانەی پێبوو، لەناو هۆڵی تاقیكردنەوە بە گزی هەژماردەكرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و فەرمانبەرانی دیكەش، مافی ئەوەیان نییە پاش تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان، پرسیارەكانی پۆلی 12 بڵاوبكەنەوە و وەڵامەكان دیاری بكەن، بەڵكو لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكان لە ڕۆژانی تاقیكردنەوە، كۆدەبنەوە و وەڵامی دروست بۆ پرسیارەكان دەستنیشاندەكەن و بڵاویدەكەنەوە.

لە كۆتاییشدا وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی تاقیكردنەوەی نیشتمانی، پێویستی بە ڕووماڵی میدیاكان نییەو هەموو داتا و زانیارییەكان، لەلایەن وتەبێژی وەزارەتەوە بۆ میدیاكان دەخرێنەڕوو بەبێ جیاوازی.

بڕیارە رۆژی 15ی 6 سەعات 8ی بەیانی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و پۆلی 12 ی ئامادەیی دەستپێبكات و  بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەش هیچ تاقیكردنەوەیەك دواناخرێت و سەرجەم تاقیكردنەوەكان لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو