بەهای لیرەی توركی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەردەوامە لە دابەزین

عیراق 01:24 PM - 2026/06/05

بەهای لیرەی توركی لە نزمترین ئاستەكانیدا مامەڵەی پێوە دەكرێت ‌و تەنها لە 12 مانگی رابردوودا سەدا 20ی بەهاكەی لەدەستداوە و بەوەش نزمترین ئاستی لە مێژوودا تۆماركردوە.

بەگوێرەی دوایین مامەڵەكان، لە بەردەوامی ناجێگیری نرخی لیرەدا بەهای گۆڕینەوەی یەك دۆلاری ئەمریكی 46 لیرەی تێپەڕاندووە، هەروەها یەك یۆرۆش بە 53 پۆینت 50 لیرە مامەڵەی پێوەكرا.

شارەزایانیش پێیان وایە، ئەم پاشەكشەی بەهای لیرە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە كە پەیوەستە بە پەیكەری ئابووری توركیاوە، لەگەڵ ئەو گۆرانكاریانەی لە سیاسەتی نەختینەیی ئەنجامدراوە، هەروەها ئەو فشارە دەرەكیانەی كە پەیوەستن بە جەنگی ناوچەكەوە، هاوكات، شارەزایان دەڵێن، بەرزبوونەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانكی ناوەندیی ئەمریكاوە، فشاری لەسەر دراوی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو دروستكردووە.

لە لایەكی ترەوە هاووڵاتییانی توركیا بەدەست بەرزبوونەوەی بەردەوامی رێژەی هەڵاوسانەوە دەناڵێنن كە ئێستا گەیشتووەتە سەدا 32، ئەوەش وایكردووە ئاستی بژێوی و خەرجی خێزانەكان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبێتەوە، دواجار ئەوەش وایكردووە خێزانەكان پەنا بۆ وەرگرتنی قەرز ببەن سەرەڕای بەرزی نرخی سوودی بانكی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو