ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو دۆخەی بە ناچاری لە زێدی خۆی و دوور لە کەسوکارەکەی دەژی.
ناوبراو دەڵێت: " ئەو بڕیارە نادەستووری و نادادپەروەرییەی لەلایەن حاکمانی هەولێرەوە دژی من دراوە، هەرگیز نەیتوانیوە کەلێنی خۆشەویستی لە نێوان من و ئازیزانم دروست بکات".
لە پەیامەکەیدا، ئەدهەم بارزانی جەخت لەسەر هەڵوێستەکانی پێشووی دەکاتەوە کە لەبارەی گیراوانی بادینان و لەشکرکێشی و داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان بوون. ئەو دەڵێت: "ئەو هەڵوێستانەی من، هەڵوێستی دەیەها هەزار هاونیشتمانیی ئەم میللەتە بەشمەینەتەیە کە لەسەر ڕا و بۆچوونی جیاواز، دەسەڵاتی هەولێر دەنگە ئازادەکانی کپ کردووە".
ئەدهەم بارزانی، سوپاسی تایبەتی خەڵکی سلێمانی و دەسەڵاتدارانی ئەو سنوورە دەکات و دەڵێت ،بەدەرفەتی دەزانم زۆر سوپاسی خەڵکی ئازیزی سلێمانی و هەموو ناوچەکانی دیکە و دەسەڵاتدارانی ئەو سنوورە بەتایبەت برای هێژام کاک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بکەم، کە منی قەبوڵ کرد و نەیهێشت ئیحساسی غەریبی بکەم، هەروەها سوپاسی رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسەکانی دەکەم کە لەم چوار ساڵەی دەرکردنی من دا لەلایەن حاکمانی ئێستای هەولێر وەک دەها ساڵی خەبات و تێکوشانی ئێمەی گەلی کورد دژ بە ڕژێمی سەدام حسێن، ئەوان لەم چوار ساڵەی رابردوودا منیان هەندێک جار وەک ئاوارەیەک قەبوڵ کردووە و باوەشی خۆشەویستی و موحیبەتیان بۆ من کردۆتەووە، لە هەموو ئەم شوێنانە هەرگیز نەیانهێشت هەست بە نائاسودەیی بکەم و وەک هەمیشە کە وتومە بارزان بۆ من سلێمانییە و سلێمانیش بۆ من بارزانە، خودای گەورە خێری هەموو یەک بنوسێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەدهەم بارزانی بە "زوڵمێکی گەورە" ناوی ئەو دۆخە دەکات کە پێیدا تێپەڕ دەبێت و داوا لە حکومەتی عیراق و ئازادیخوازان دەکات لەسەر ئەم کەیسە و سەدەها کەیسی دیکەی هاوشێوە بێدەنگ نەبن و ڕێگا نەدەن دەستوور پێشێل بکرێت. ناوبراو جارێکی دیکە داوا لە دەسەڵاتی هەولێر دەکات ڕوونی بکەنەوە کە بەهۆی چی هۆکارێکەوە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەو بۆ زێدی خۆی دەکەن