بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە؛ عیراق بیر لە فرەجۆركردنی ڕێگاكانی هەناردەی نەوت دەكاتەوە

عیراق 11:11 AM - 2026/06/05

بەردەوامیی داخستنی گەرووی هوورمز، حكومەتی نوێی عیراقی ناچار كردووە، هەوڵەكانی بۆ زیادكردن و فرەجۆركردنی ڕێگەكانی هەناردەی نەوت و پەیداكردنی داهات چڕ بكاتەوە.

كۆبوونەوەی سەرۆكوەزیرانی نوێی عیراق لەگەڵ وەفدی هەرێمی كوردستان و بڕیاردان لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، یەكێكە لەو هەوڵانەی عەلی زەیدی دەیەوێت بەهۆیەوە دەرچەیەك بۆ هەناردەی نەوت بدۆزێتەوە.

زەیدی داوای لە كۆمپانیا نەوتییەكان كرد، دەستبەجێ دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت بكەنەوە و بەڵێنی پاراستن و گەرەنتیی ئەمنیی تەواوەتیی بە كۆمپانیاكانیش دا.

یەكێكی دیكە لە پلانەكانی حكومەتی عیراق، زیاتركردنی هەناردەی نەوتە لە ڕێگەی بۆرییەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق، لە دانیشتنی دووی ئەم مانگەدا، بڕیاریدا هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی جەیهانەوە لە 220 هەزار بەرمیلەوە بۆ 770 هەزار بەرمیل زیاد بكرێت، پێویستیشە ئەو ڕێكارە لە ماوەی دوو مانگ و نیودا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەناردەی نەوت لە ڕێگەی وشكانییەوە، یەكێكی ترە لە هەوڵەكانی حكومەتی عیراق،  بەتایبەت لە ڕێگەی سووریاوە بۆ بەندەرەكانی بانیاس و تەڕتووس.

 حكومەتی عیراق بڕیاریداوە نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕەسمی وەزارەتی نەوت لە سووریا بكاتەوە. 

گەرووی هوورمز، شادەماری هەناردەی نەوتی عیراقە، بەڵام ماوەی زیاتر لە سێ مانگە بەهۆی داخستنی گەرووەكەوە، كێشە بۆ هەناردەی نەوت دروستبووە، بۆیە بەغداد بیر لە فرەجۆركردنی ڕێگەكانی هەناردەی نەوت دەكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو