تێچووی جەنگی ئێران نزیك بووەتەوە لە 100 ملیار دۆلار

عیراق 03:41 PM - 2026/05/29

تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئەمریكا دژی ئێران لە سەرەتای دەستپێكردنییەوە لە 28ی شوباتی ئەمساڵ، 95 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

بەپێی داتاكانی ماڵپەڕێكی تایبەت بە تێچووەكانی جەنگی ئێران، خەرجییەكانی واشنتۆن لە جەنگی ئێراندا 95 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ماڵپەڕەكە روونیكردووەتەوە كە ئەم خەمڵاندنانە پشت بەو زانیارییانە دەبەستن كە پنتاگۆن لە 10ی ئاداردا پێشكەشی كۆنگرێسی كردووە، كە تێیدا هاتووە تەنیا لە شەش رۆژی یەكەمی شەڕەكەدا لە روژهەڵاتی ناوەڕاست 11 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار خەرج كراوە و پلانیش وایە بۆ هەر رۆژێكی تری جەنگ، بڕی یەك ملیار دۆلاری دیكە خەرج بكرێت.

هەروەها نزیكەی مانگێك لەمەوبەر، سەرچاوەیەك بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی راگەیاندبوو كە تێچووی شەڕی دژی ئێران لە نێوان 40 بۆ 50 ملیار دۆلاردایە، بێ ئەوەی تێچووی دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوە سەربازییەكان و قەرەبووكردنەوەی كەرەستە لەدەستدراوەكان هەژمار بكرێت.

لەلایەكی ترەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا رایگەیاند كە تێچووی شەڕی ئێران گەیشتووەتە 29 ملیار دۆلار، بەڵام پێشبینی دەكرێت لەگەڵ هەژماركردنی تێچووی جێگرتنەوەی تەقەمەنییەكان و بارگرانی كەرتی وزە، ئەو بڕە بگاتە یەك تریلیۆن دۆلار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو