سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی 27ـەمین ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سکرتێر و ئەندامانی سکرتارییەتی ڕێکخراوەکە کرد و ڕایگەیاند: "پیرۆزبایی گەرم لە ئێوە و لاوان و گەنجانی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین."
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا جەختی لە پێگەی گەنجان کردەوە و ڕایگەیاند: "لاوان و گەنجان لای ئێمە هەمیشە بەشێکی گرنگ و کاریگەرن و سەرمایەیەکی نیشتمانین، بۆیە ئەرکی هەموومانە گرنگی زیاتریان پێبدەین و رێنیشاندەریان بین بۆ داهێنان و خزمەتکردنی زیاتری کوردستانەکەمان."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی ئەو توێژە و ڕایگەیاند: "وەک هەمیشە پشتیوانتانین تاوەکو بەشێکبن لە گەشەپێدانی کاری رێکخراوەیی وڵاتەکەمان."