دەستەی گشتیی ئامار لە عەرەبستانی سعودیە رایگەیاند کە کۆی گشتیی ژمارەی حاجیانی وەرزی حەجی 1447ی کۆچی گەیشتووەتە (1,707,301) حاجی لە ژن و پیاو، کە لەو ژمارەیە (1,546,655) حاجی لە دەرەوەی شانشینی سعودیەوە لە رێگەی دەروازە ئاسمانی، وشکانی و دەریایییەکانەوە هاتوون، لە کاتێکدا ژمارەی حاجیانی ناوخۆ لە هاووڵاتیان و دانیشتووان گەیشتووەتە (160,646) حاجی.
دەستەکە لە ئەنجامە ئامارییەکانی تایبەت بە وەرزی حەجدا رونکردنەوەی داوە، کە ژمارەی حاجیانی نێر (پیاوان) گەیشتووەتە(893.396) حاجی، لە کاتێکدا ژمارەی حاجیانی مێ (ژنانی) گەیشتووەتە(813.905) لە کۆی گشتیی حاجیانی ناوخۆ و دەرەوە.
ئامارەکان ئەوەیان خستووەتە روو کە زۆربەی ئەو حاجیانەی لە دەرەوەی شانشینی سعودیەوە هاتوون، لە رێگەی دەروازە ئاسمانییەکانەوە گەیشتوون کە کۆی گشتییان(1.485.729) حاجی بووە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی لە رێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە هاتوون(54.429) حاجی بووە، و لە رێگەی دەروازە دەریایییەکانیشەوە(6.497) حاجی گەیشتوون.
دەستەی گشتیی ئامار جەختی کردەوە کە بۆ دەرکردنی زانیاری و نیشاندەرەکانی حەجی 1447ی کۆچی، پشتی بە تۆمارە کارگێڕییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەستووە وەک سەرچاوەی سەرەکیی زانیارییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی مۆدێلێکی ئاماریی یەکگرتوودا کە ئامانجی دابینکردنی زانیاریی ورد و جێی متمانەیە، وەک بەردەوامییەک بۆ ئەو رێبازە ئامارییەی کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا پەیڕەو کراوە.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەوان تاکە سەرچاوە و مەرجەعی رەسمیین بۆ داتا و زانیاریی و ئامارییەکان لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە، و رونیان کردووەتەوە کە دەکرێت لە رێگەی ماڵپەڕی رەسمیەوە سەیری راپۆرتی تەواوی ئامارەکانی حەجی ساڵی 1447ی کۆچی بکرێت.