دابەشكردنی مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد و بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی، رۆژی پێنجشەممە واتا دووەم رۆژی جەژن كۆتایی بە دابەشكردنی مووچە دێت ـ هەر فەرمانبەرو مووچەخۆرێكیش نەتوانێت لەو سێ رۆژەدا مووچەكەی وەربگرێت دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام مووچەكەی وەربگرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان پێش بڵاوكردنەوەی خشتەی دابەشكردنی مووچە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند، بەیانی رۆژی دوو شەممە، واتا دوێنێ، بڕی پەنجا ملیار دیناریان وەك نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار خستووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ.
جا وەزارەتی دارایی هەرێم ئەم مانگەش گلەیی لە حكومەتی فیدڕاڵ هەیە و دەڵێت، لە هیچ سیستمێكی ژمێریاری دنیادا نەبووە هێشتا مانگەكە شەش رۆژی ماوە بۆ كۆتایی بەڵام وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بكات. دەشڵێت، بۆ نەهێشتنی هیچ بیانوویەك وەزارەتەكەیان ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی رەوانە بكات.
وەزارەتی دارایی هەرێم گلەییەكی تریشی هەیە و دەڵێت، لە كۆی بڕی زیاتر لە نۆسەدو حەفتا ملیار دینار، لەكاتی كۆتایهاتنی دەوامی رەسمی بانكی ناوەندی عیراق و لە سەعات سێ-ی دوانیوەڕۆ بڕی تەنها هەشت سەدو نەوەد ملیارو پێنج سەد و دوو ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵەوە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتیان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق. هەروها دەشڵێت، وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ زیاتر لە هەشتا ملیار دینار كەمتری لەكۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناردووە و وەك وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاریاندا ئەو كورتهێنانەی بۆ مووچە دروست بووە لەڕێی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بكەنەوە.
وەزارەتی دارایی، داوا لە سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دەكات كە لە خشتەی مووچەدا مووچەكانیان دەكەوێتە ئەمڕۆ و بەشێوەی كاش مووچە وەردەگرن لەسەعات پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانكەكان بكەن و ئەو مووچەخۆرانەشی لە ڕێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن لە سەعات سێ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەكانی راكێشانی پارە بكەن و مووچەكانیان ڕابكێشن. دەشڵێت، لە رۆژانی جەژنیشدا دابەشكردنی مووچە لەدوای سەعات 10ی بەیانیەوە بەشێوەی كاش و لە رێگای هەژماری من بەردەوام دەبێت.