حكومەتی فیدراڵ داواكارییەكی بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان رەتكردەوە و رایگەیاند، ئەم پرسە پەیوەندی بە دەسەڵاتی ئەوانەوە نییە.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوێكی رەسمیدا رایگەیاند، مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان ناكرێنە میلاكی هەمیشەیی. ئەم بڕیارەی حكومەتی عیراق وەك وەڵامێك بووە بۆ داواكارییەكی ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و تێیدا تەئكیدكراوەتەوە كە بڕیاری جێگیركردنی ئەو فەرمانبەرانە و گۆڕینیان بۆمیلاكی هەمیشەیی، ناچێتە ناو چوارچێوەی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵییەوە.
ئەم بڕیارەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لە كاتێكدا دێت، كە پرسی چارەنووسی گرێبەستەكان بووەتە یەكێك لە گرنگترین بابەتە سیاسی و دارایییەكانی نێوان هەردوو حكومەت. بەپێی زانیارییە بەردەستەكان، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ساڵانە بڕی 421 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ تەرخان دەكات بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست. ئەم خەرجییە داراییە گەورەیە لە كاتێكدایە كە پرسی مووچە و چارەنووسی یاسایی ئەو فەرمانبەرانە وەك یەكێك لە بابەتە جێناكۆكە داراییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد ماوەتەوە.