شارەزایەكی كەشناسی: دەرگا و پەنجەرەكان دابخەن شەپۆلی خۆڵبارین بەڕێوەیە

کوردستان 08:01 PM - 2026/05/17

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، هەمیشە ترسی شەپۆلە سپی و زەردباوەكانی خۆڵبارین دەگەڕێتەوە نێو ماڵەكان. جارێكی تر لە عیراق و هەرێمی كوردستان ئاسمانی ساماڵ جێگای خۆی بۆ تەمێكی چڕی پڕ لە تۆز چۆڵ دەكات. شارەزایانی كەشناسی زەنگی مەترسی لێدەدەن و داوا لە هاووڵاتیان دەكەن پێش گەیشتنی شەپۆلەكە، دەرگاو پەنجەرەكان دابخەن.
سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێكی خۆڵبارینی چڕ ڕوو لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات و زیاتر باشوور و ناوەڕاستی عیراق دەگرێتەوە؛ بۆ سبەی 18ـی مانگیش دەگاتە باشوور و ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد، جۆری خۆڵبارینەكە تۆزی بیابانی وردە كە لە بیابانەكانی عەرەبستان و سوریاوە هاتووە و پلەی گەرما لە ناوچە كاریگەرەكاندا لە نێوان 35 بۆ 38 پلەی سیلیزی دەبێت لە ناوەندی رۆژدا؛ لە ناوچە شاخاوییەكانیش لە سەرووی 15 پلەوە بۆ نزیكەی 30 پلە دەبێت. راشیگەیاند، چڕیی خۆڵ بەپێی مۆدێلی "دەبلیو ئاڕ ئێف - چیم" دەگاتە پلەی 5 و 6؛ پلەی 5 خۆڵبارینی زۆر بەهێزە بە چڕیی 500 بۆ 2000 میكرۆگرام لە مەتر سێجا و پلەی 6ـیش خۆڵبارینی مەترسیدارە بە چڕیی زیاتر لە 2 هەزار بۆ 10 هەزار میكرۆگرام لە مەتر سێجا و مەودای بینین بۆ كەمتر لە 100 مەتر دادەبەزێت.
ئەو شارەزایەی كەشناسی باسیلەوەكردووە، ئەم خۆڵبارینە كاریگەریی زۆری لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان دەبێت، بەتایبەت نەخۆشانی كۆئەندامی هەناسەدان وەك سییەكان، بۆیە چەند رێنماییەكی بڵاوكردووەتەوە كە لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە ئەوانیش، داخستنی دەرگا و پەنجەرەكان، خۆپاراستن لە دەرچوونی ناپێویست، بەكارهێنانی ماسك و چاویلكەی پارێزەر، كەمكردنەوەی خێرایی ئۆتۆمبێلەكان لەلایەن شۆفێرانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو