نرخی بیتكۆین بەردەوامە لە دابەزین

عیراق 11:07 AM - 2026/05/17

بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەریەك نرخی گەورەترین دراوی دیجیتاڵی لە جیهاندا ڕووی لە دابەزین كردووە و بەهای قەواڵە داراییەكانی ئەمریكاش كاریگەر بوون.

رۆژی یەكشەممە، نرخی بیتكۆین بۆ سێیەم ڕۆژی یەك لە دوای یەك لە دابەزین بەردەوام بوو. یەك بیتكۆین لە دوایین مامەڵەكاندا نزیكەی 250 دۆلاری لە دەستداوە و ئێستا بە نزیكەی 78 هەزار  دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە دوێنێ نرخەكەی بەڕێژەی 1.3% دابەزی بۆ نزیكەی 78 هەزار و 230 دۆلار.

دابەزینی نرخی بیتكۆین هاوكاتە لەگەڵ ئەو چەقبەستنەی لە پرسی ئێراندا دروستبووە. بەهۆی ئەوەی هیچ ئاسۆیەكی ڕوون بۆ كۆتاییهاتنی جەنگ دیار نییە، ئەم نیگەرانییە كاریگەری كردووەتە سەر بازاڕەكان.

هەفتەی ڕابردووش، بەهای قەواڵە داراییەكانی ئەمریكا و بۆرسەكانی ئەو وڵاتە بەهۆی هەمان دۆخەوە ڕوویان لە دابەزین كردبوو. دابەزینی نرخی بیتكۆین بۆ كەمتر لە 80 هەزار دۆلار نیشانەی ئەوەیە كە ئەو نرخە ئاستێكی هەستیارە و بە ئاسانی ناشكێندرێت.

شارەزایان پێیان وایە ئەگەر وەرچەرخانێك لە هۆكارە جیۆسیاسییەكان، سیاسەتی نەختی بانكە ناوەندییەكان یان پرسی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریكا ڕووننەبێتەوە، ئەستەمە ئاراستەی نرخی بیتكۆین بە ئاسانی ئاستی80 هەزار دۆلار تێپەڕێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو