كۆمپانیای نەوتی حكومەتی ڤێتنام داوا لە ئەمریكا دەكات ڕێگە بەتێپەڕبوونی كەشتییەكی گەورەی نەوتهەڵگر بدات كە نزیكەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عیراقی هەڵگرتووە، گەمارۆكانی ئەمریكا لە كەنداوی تێپەڕێنێت.
كەشتیی نەوتهەڵگری (ئاگیۆس فانۆریۆس 1) رۆژی دووشەممە بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو لە نزیك شوێنی گەمارۆكەی ئەمریكا لە ڕێڕەوەكەی خۆی لایدا، بەپێی داتاكانی شوێنپێهەڵگرتنی كەشتییەكان و بەڵگەنامەكان كە لەلایەن بلومبێرگەوە پێداچوونەوەیان پێدا كراوە، كەشتییەكە كە لەم ماوەیەدا بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕیوە، ملیۆنێك و 999 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بەسڕەی هەڵگرتووە.
كۆمپانیای پترۆڤێتنام ئۆیڵ كە كۆمپانیای وزەی سەر بە ڤێتنامە، لە نامەیەك دا بۆ فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم)، داوایكردووە رێگە بەتێپەڕبوونی كەشتییەكە بدرێت.لە نامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەم بارە نەوتە گرنگییەكەی زۆری بۆ پاڵاوگەی( نگی سۆن و كۆماری سۆسیالیستی ڤێتنام و گەلەكەی) هەیە و هەر دواكەوتنێكی زیاتر لە گەیشتنی نەوتەكە، هەڕەشەی داخستنی پاڵاوگەكە دەكات و دەرئەنجامەكەشی بە خراپ دەشكێتەوە بۆ ملیۆنان بەكارهێنەر و كۆمپانیاكان و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و كەرتە پیشەسازییەكان لە ڤێتنام.
ئێران راستەوخۆ لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ـی شوبات، ڕێگری لە زۆربەی كەشتییە بازرگانییەكان كرد و گەرووی هورمزی داخست ، لە 13ـی نیسانیشەوە ئەمریكا گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەكانی ئێران لە كەنداو و دەریای عوممان.
تا ئێستا روون نییە ئەمریكا بۆچی ڕێگری لە كەشتیی ئاگیۆس فانۆریۆس كردووە، چونكە ئەمریكا دەڵێت بە تەنها ڕێگریی لەو كەشتییانە دەكات كە نەوتی ئێران دەگوازنەوە.