چەند رۆژی داهاتوو یەكلاكەرەوەیە بۆ دیاریكردنی ئاستی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی هانتا

کوردستان 10:03 AM - 2026/05/13

جیهان چاوەڕوانی ڕۆژی 19ـی ئەم مانگە دەكات، تا ئاشكرا بێت ئاخۆ ڤایرۆسی هانتا لەناو نەوەی سێیەمی توشبووان دەردەكەوێت یاخود نا.شارەزایان هۆشداری دەدەن، كە چەند رۆژی داهاتوو یەكلاكەرەوەیە، دەریدەخات ئاخۆ ڤایرۆسی هانتا لە سەرنشینانی كەشتیی ئێم ڤی هۆندۆسەوە گواستراوەتەوە بۆ كەسانی تری دەرەوەی كەشتییەكە یان نا.

تا ئێستا هیچ توشبوویەك تۆمارنەكراوە كە لە دەرەوەی كەشتییەكە بووبێت یان تێكەڵاوی لەگەڵیاندا نەبووبێت، ئەمەش مانای نەبوونی بەڵگەیە لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسەكە لە دەرەوەی ئەو گەشتە دەریاییە.بەڵام مەترسییەكان زیادیان كردووە، دوای ئەوەی حاڵەتێكی گوماناوی بۆ نەخۆشخانەیەك لە باكووری رۆژئاوای فەڕەنسا گواستراوەتەوە، كە پێدەچێت هەڵگری ڤایرۆسەكە بێت، ئەم كەسە لەو گەشتە دەریاییەدا نەبووە، تەنیا بەركەوتنی لەگەڵ سەرنشینانی كەشتییەكەدا هەبووە.هەروەها حاڵەتێكی تری  تووشبوون لە شارۆچكەی كۆنكارنۆ لە هەرێمی ڤینیستێر لە فەڕەنسا تۆمار كراوە، كەسەكە رەوانەی نەخۆشخانە كراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی.

بەوتەی بەرپرسانی شارۆچكەكە، كەسە تووشبووەكە بەركەوتنی لەگەڵ سەرنشینانی كەشتییەكە هۆڵەندییەكە هەبووە.ئەوەی جێگەی مەترسییە لەم ڤایرۆسە، درێژەی سووڕی ڤایرۆسەكە و ئەگەری گواستنەوەیەتی لەو سەرنشینانەی رۆژی 24ـی نیسان كەشتییەكەیان جێهێشتووە، پێش ئەوەی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە ئاشكرا بكرێت.

ستیڤن كوای، پزیشكێكی پسپۆڕە دەڵێت، سەرجەم تووشبووەكانی نەوەی دووەم، واتا ئەو كەسانەی لە تووشبووی ژمارە سفرەوە، كە كەسێكی هۆڵەندییە بەناوی لیۆ شیلبیروورد، بە شێوەیەكی ناوەندی پێویستیان بە 22 رۆژ بووە بۆ دەركەوتنی نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە.

ئەو پزیشكە بۆچوونی وایە، تووشبووانی نەوەی سێیەم، واتا ئەو كەسانەی لە سەرنشینانی كەشتییەكەوە نەخۆشییەكەیان بۆ گواستراوەتەوە، نیشانەكانیان لە ڕۆژی 19ـی ئەم مانگەوە دەردەكەوێت، چونكە ئەو رۆژە ناوەندیی سووڕی ڤایرۆسەكە و دەركەوتنی نیشانەكانییەتی.تاوەكو ئێستا سێ كەس بەهۆی ڤایرۆسی هانتاوە گیانیان لە دەستداوە، تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت،هیچ ئاماژەیەك نییە كە باس لەوە بكات ،جیهان لەبەردەم سەرەتای بڵاوبوونەوەی فراوانی ڤایرۆسێكی نوێ بێت، بەڵام پێدەچێت دۆخەكە گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، چونكە رەنگە بەهۆی درێژی سووڕی ڤایرۆسەكەوە، تۆماركردنی زیاتر حاڵەتەكانی تووشبوون لە داهاتوودا زیاتر دەربكەون.

پێش ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەو كەشتییە گەشتیارییە ئاشكرا ببێت، ڕۆژی 24ـی نیسان 29 كەس لە دوورگەی سانت هێلینا دابەزیوون، ئەو سەرنیشانە دوای دابەزینیان لە كەشتییەكە، بەبێ ئەوەی ئاگاداربن ڕەنگە هەڵگری ڤایرۆسەكەبن، تێكەڵاوی سەدان كەس بوون لە رۆژانی رابردوودا، ئەمەش ئەگەرەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە زیاتر دەكات.هەرچەندە ڤایرۆسی هانتا لە قرتێنەرەكانی وەك مشك و جرجەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام بەڵگە بەردەستەكان ئاماژە بەوەدەكەن، ئەندێز كە لە خێزانی ئەو ڤایرۆسەیە، لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش لە ڕێگەی شلەمەنیی جەستەی تووشبووەكەوە دەگوازرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو