بانكی ناوەندیی عیراق: بەردەوامین لە چاكسازی كەرتی بانكی

عیراق 09:37 AM - 2026/05/13

بانكی ناوەندیی عیراق تەئكید لەبەردەوامیی پرۆسەی چاكسازی لەكەرتی بانكیدا دەكاتەوە و دەڵێت، كاردەكەن بۆ ئەوەی بانكەكان بگەڕێنەوە نێو سیستمی دارایی جیهانی و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی وردبینیی نێودەوڵەتی دەكەن.

 بانكی ناوەندیی عیراق لەراگەیێندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەردەوامن لەجێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازیی كەرتی بانكی، ئەوەش وەك بەشێك لەستراتیژییەتەكەیان بۆ بەهێزكردنی سیستمی دارایی و پەرەپێدانی كارایی دامەزراوە بانكییەكان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان.

لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، بانكە عیراقییەكان خەریكی تەواوكردنی قۆناغی دووەمی بەرنامەی چاكسازین، كە تەئكید لە بەرزكردنەوەی ئاستی پابەندی، حوكمڕانی، شەفافیەت و باشتركردنی كاری دامەزراوەیی دەكاتەوە.

 بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەش كردووە، هەوڵەكانیان چڕكردوونەتەوە بۆ هاوكاریكردنی ئەو بانكانەی دەستیان بە حەواڵەی دەرەكی ناگات، ئەوەش لە رێگەی پاڵپشتیكردنیان بۆ ئەوەی بتوانن مەرج و پێوەرە چاودێرییەكان جێبەجێ بكەن.

 بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بانكی ناوەندیی عێراق لە رێوشوێنی گرێبەستكردندایە لەگەڵ كۆمپانیایەكی وردبینیی سەربەخۆ و تایبەت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی كۆتایی بۆ ئەو بانكانە بكات كە مەرجەكانی قۆناغی یەكەمی چاكسازییان جێبەجێ كردووە، تاوەكو دڵنیابنەوە لەوەی دەتوانن حەواڵەی دەرەكی بە دراوە جیاوازەكان بكەن.
 
بانكی ناوەندی دەڵێت: ئەم هەنگاوانە دەرفەت بۆ ئەو بانكە پابەندانە دەڕەخسێنن كە دەستیان بە حەواڵەی دراوە بیانییەكان دەگات، لەوانە (یۆرۆ، درهەمی ئیماراتی، یوانی چینی) و دراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكە.
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو