داهاتی نەوتی عیراق بەشی سێیەكی پارەی مووچە دەكات

عیراق 10:05 AM - 2026/05/11

داهاتی نەوتی عیراق، تەنیا بەشی نزیكەی سێیەكی پارەی مووچە دەكات و ، بەغداد مانگانە پێویستی بە چوار بۆ پێنج تریلیۆن دیناری تر دەبێت. راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش دەڵێت،خەرجی دوو ئەوەندەی داهاتە.

بەپێی ئاماری رەسمی  كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)، لە مانگی ئاداری رابردوودا هەناردەی نەوت 18ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل بووە. داهاتی نەوت لەو مانگەدا یەك ملیار و 157 ملیۆن و 121 هەزار دۆلار بووە، كە بە بەهای رەسمی دینار بەرامبەر بە دۆلار، دەكاتە دوو تریلیۆن و 500 ملیار  دینار.

كەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عیراق لەكاتێكدایە، حكومەتی فیدراڵی مانگانە پێویستی بە 7تریلیۆن و 200 ملیار  دینارە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی چاودێریی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، بە مووچەی هەرێمی كوردستانیشەوە. 

راپۆرتی دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵی وەزارەتی دارایی  عیراق لەبارەی خەرجی و داهات دەریخستووە زیاتر 84%ی خەرجییەكانی عیراق پشت بە نەوت دەبەستێت. بەپێی ئەوە بێت، داهاتی نەوت بەشی 34.7 %ی پارەی مووچەی مانگێك دەكات.

لای خۆشییەوە مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتی نەوت، دارایی گشتیی عیراق بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ئەوەش وایكردووە داهاتی مانگانە بۆ نزیكەی چوار تریلیۆن دینار كەم ببێتەوە بەرامبەر بە پابەندییە داراییەكانی وڵاتەكە كە مانگانە زیاتر لە هەشت تریلیۆن دینارە. 
 
مەزهەر محەمەد ساڵح راشیگەیاند، ئەو پێشهاتە زیاتر قەیرانێكی كاتی دروست دەكات بۆ كەمیی نەختینە، نەك ئەوەی كورتهێنانێك بێت بۆ بەردەوامبوونی توانای دەوڵەت، بەڵام بەردەوامیی ئەو كەلێنە بۆ ماوەیەكی زۆر، فشاری زیاتر لەسەر سەقامگیریی ئابووری و نەختینەیی عیراق دروست دەكات.

جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل وایكرد گەرووی هورمز لە 28ی شوباتەوە دابخرێت كە رێگەی سەرەكیی هەناردەی نەوتی عیراق بوو، هەرچەندە ئێستا هەردوو بەرەی جەنگەكە لە ئاگربەستدان، بەڵام هێشتا كێشە بۆ جووڵەی كەشتییەكانی نەوت لەو گەرووەدا هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو