وەك ناڕەزایەتییەك دژی یاسای نوێی خزمەتی سەربازی هەزاران قوتابی لە سەرانسەری ئەڵمانیا، دەستیان لە خوێندن هەڵگرت و رژانە سەر شەقامەكان و هۆشداری دەدەن لەوەی یاساكە ببێتە هۆی گەڕانەوەی سەربازیی زۆرەملێ.
یاسای نوێی خزمەتی سەربازیی ئەڵمانیا كە لە سەرەتای ساڵی 2026وە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، داوا لە هەموو ئەو كوڕانە دەكات كە تەمەنیان دەبێتە 18 ساڵ، فۆرمێكی زانیاری پڕ بكەنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئامادەیی جەستەیی، كارامەیی و ئارەزوویان بۆ چوونە ناو سوپا.
هەرچەندە ئێستا سیستمەكە لەسەر بنەمای ئارەزوومەندانەیە، بەڵام قوتابییە ناڕازییەكان دەڵێن حكومەت دەیەوێت هەنگاو بە هەنگاو سەربازیی زۆرەملێ بگێڕێتەوە؛ ئەم ساڵ لەرێگەی فۆرمەوە، ساڵی داهاتوو لەرێگەی پشكنینی پزیشكی زۆرەملێ و دواتریش لەرێگەی جێگیركردنی سەربازەكانەوە.
ئەم یاسا نوێیەی ئەڵمانیا بە ئامانجی چارەسەركردنی كەمیی كارمەند لە ناو هێزە چەكدارەكاندا دەركراوە، كە ئێستا تەنیا 184 هەزار سەربازی هەیە. وەزارەتی بەرگری پلانی هەیە تاوەكو ساڵی 2035 ژمارەی سەربازەكان بگەیەنێتە 260 هەزار سەرباز، ئەوەش پێویستی بە دامەزراندنی 20 هەزار كەس هەیە لە هەر ساڵێكدا، كە پسپۆڕان دەڵێن تەنیا بە سیستمێكی ئارەزوومەندانە ئەو ئامانجە بەدینایەت.